بەرپرسێکی باڵای یەکگرتوو دەستی لەکارکێشایەوە

سەرکردەی دیاری یەکگرتوی ئیسلامی ، مەولود باوە موراد دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەو حیزبە و دەڵێت"  لێرەدا لەسەر پشتی ئەسپی ئەم کاروانە دادەبەزم".

 

مەولود باوەموراد ٢٥ ساڵە کادیری یەکگرتووی ئیسلامیەو لەماوەیەدا ١٧ ساڵە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەیە.

دەقی دەستلەکارکێشانەوەکەی..

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
(ومن جاهد فإنما یجاهد لنفسە ان الله لغنی عن العالمین)
بەڕێز: مامۆستا صلاح الدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
بەڕێزان: خوشک و برایان ئەندامانی سەرکردایەتی
بەڕێزان: ئەندامانی کۆنگرەی ھەشتەم

سڵاوی خوای پەروەردگارتان لێبێت ھیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی بەڕێز و سەرجەم خوشک و برایان و کۆنگرەی ھەشتەم دەخوازم
بەڕێزان: ئەگەرچی ماوەییەک لەمەوبەر و لە ڕێگەی پۆستێکم لە یەکێک لە گروپەکانی براو خوشکاندا ئاماژەم بەوە کرد، کە بەندە بڕیارمداوە، لە کۆنگرەی داهاتودا-کۆنگرەی هەشت- خۆم بۆ هیچ پۆستێک نەپاڵێوم، ئێستەش کە لەسەروبەندی ڕۆژانی نزیک لە بەستنی کۆنگرەداین، دەمەوێت بڵێم: گەرخوا قبوڵی بکات (٢٥) ساڵی بەردەوام بێ دابڕان و پچران ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بووم و زیاتر لە (١٧) ساڵیش ئەندامی مەکتەبی سیاسی بووم، خودای پەروەردگار زانا و ئاگایە بە نیەتی کار و دەرون و دیوی ناوەوەی مرۆڤەکان، بەڵام وەک خۆم نایەتە بیرم بۆساتێکیش زۆر و کەم یان گەورە و بچوک یان دیار و شاراوە، هەموو شتێکی ئەو حزبەم لە هەموو قۆناغەکانیدا نەخستبێتە پێش ژیانی خۆم، هەموو بیرکردنەوە و توانا و وزەم بۆتەرخان نەکردبێ، هەموو هەم و هۆش و خەمێکی جگە لەوەم هەبووبێ، هیچ شتێک جگە لەوم بە ئامانج کردبێ، بە دیار و پەنهان لە سەنگەری بەرگریکردنیدا نەبووبم.

یان ڕەخنە و پێشنیار و گلەیەکانم لە سەر حەز و بەرژەوەندیەکی دەرونی یان مادی شەخسی هەڵچنیبێت، ئێستا و تا ئەم وێستگەیە لانیکەم بۆ دەرونی خۆم و خودای خۆم و پرسیاری قەبر و قیامەتم ئەم شتانە بە ویژدانی ئاسودەوە دەنووسم، ئەمە بە مانای خۆبەریکردن لە ھەبوونی هەڵەو پەڵە و نەزانین و کەموکورتی نیە، بەقەدەر ئەوەندەی باس لەو ڕۆحیەت و نیەت و ئیرادەیەیە کە پاڵنەری کار و جوڵەم بوون، باس لە پشت کردنە وێستگەکانی تەماع و وەستانەوەیە بە ڕووی هەزاران دڕک و داڵی شەیتانی بەلاڕێدابردنی کاروانێکی (٤٠) ساڵەی ناو تەوژمی ئیسلامی و (٢٥) ساڵەی ناوسەرکردایەتی یەکگرتووە، جێگای ئاماژە و مایەی شانازیمە کە بەدرێژای ئەم تەمەنە، هەرگیز ئەو راستیەم فەرامۆش نەکردوە، کە من تاکێکی ناو گەلێکی مەزڵوم و مافخوراوی ئەم دنیا وێرانەیەم و دەبێت لەم پێگەوە بێ هات و هاوار و جەنجاڵسازی گوێ لەدەنگی ویژدانی خۆم بگرم و هەرچی ئەو پرسە لە کاری من بیخوازێت لە ھەڵوێست و بڕیار بەدەنگیەوە بچم.
لەگەڵ باوەڕی تەواوم بەوەی کە سیاسی بوون بەهرەیە و سیاسەت کردنیش ئەزمونە، و نوخبەی سیاسی راستەقینەش بەرهەمی گرێدانی هەردووکیانە، من لێرەدا لەسەر پشتی ئەسپی ئەم کاروانە دادەبەزم و خۆم بۆ هیچ پۆستیک ناپاڵێوم ، لە خوای باڵادەست دەخوازم جێگەم بۆ براو خوشکانی باشتر و بەهیمەتتر و دڵسۆزتر خاڵی کردبێت.
خواتان لەگەڵ بمێنن بە خێر
براتان مولود باوەمراد
۲٥/۱۲/۲٠۱۹

 


PM:02:39:25/12/2019