خشتەیەكی نوێی دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەران ئاشكراكرا

لە سەرەتای مانگی یەكی کانوونی دووەمی ساڵی تازە دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكات و پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچە لە داهاتی هەرێم بۆ  چەند وەزارەت و فەرمانگەیەك ئامادەیە.

 

ئەمڕۆ هەینی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچە لە داهاتی هەرێم بۆ چەند وەزارەت و فەرمانگەیەك ئامادەیە و پارەكەی بەغداش لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی ئامادەیە".

 

سەرچاوەکە وتیشی" لە رۆژانی یەكشەممە و دووشەممە ٥و ٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠دەستدەكرێت بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ١٠ی ٢٠١٩ و یەكەم وەزارەتیش كە مووچەی پێدەدرێت وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت".

 

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکرد" وەزیری دارایی لە كۆبوونەوەیەكدا باسی لەوە كردووە كە ئەو پارەیەی بەغدا كە مانگانە دەینێرێت بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا لە بارەی پشكی كورد لە بودجەی گشتی عێراق دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بە پارەی داهاتی ناوخۆ و سامانە سروشتییەكان كە بڕەكەی ٣١٧ ملیار دینارە و  پارەكەی بەغداش كە بڕەكەی ٤٥٣ ملیار دینارە مووچەی فەرمانبەران دابەشدەكات.




PM:06:58:27/12/2019