سەڵاحەدی بەهادین: ناکرێ یەکگرتوو لە رووداوەکانی ئێستا بێخەم و بێدەنگ بێت

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند" ناکرێ یەکگرتوو لە رووداوەکانی ئێستا بێخەم و بێدەنگ بێت".

 

سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کۆنگرەی هەشتەمی حزبەکەیدا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی" ناکرێ یەکگرتوو لە رووداوەکانی ئێستا بێخەم و بێدەنگ بێت، خواستی خۆپیشاندەران بایەخ و لەسەر وەستان و پشتگیری و عیبرەت لێ وەرگرتنی دەوێت تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش بەڵام ئەمنیەتی وڵاتیس گرنگە و دەبێ حسابی بۆ بکرێت".

 

وتیشی" یەکگرتوو لە رابردوشدا بەشێک بووە لە پرۆژەی ئاشتی و پێکەوەژیان چ لە کوردستان و چ لە عێراق، دووربوین لە ململانێی و خوێناوی و شەڕی نەگریس و ناوخۆیی، ئەمەش  مانای ئەوە نییە منەت بکەین بەسەر کەسدا، چونکە ئەمە هەڵقوڵاوی ستراتیژی ئێمەیە".

 

دەشڵێت" بە هەوڵی ئێمە پەرلەمان کەوتەوە کار هاتوچۆی لایەنە سیاسیەکان دروست بوو، بۆیە ئێمە وەک یەکگرتوو هەمیشە خاڵی ئیجابی و رێکخستنی ناو ماڵی کوردستان بوین".

 

سەڵاحەدی بەهادین لەبارەی ریفراندۆمیش قسەی کرد و ڕایگەیاند" ریفراندۆم هەنگاوێکی سەخت بوو لەگەڵ ئەوەی سەربەخۆیی ئاواتی هەموو کوردێکە بەڵام دیارە لەو کاتەدا لە ڕووی تەکنیک و وردەکاری پرۆسەکە قسە هەڵگر بوو، ناتەبایی ناوخۆیی و ناڕێکی  ڕێگەیدا بە هێز و لایەنە ناحەزەکانی دوورو نزیک مەسەلە لەبارببەن، بەڵام ئێمە لەگەڵ ریفراندۆم بەرەو پێش چووین و پشتیوانیمان لێ کرد پەشیمانیش نین".

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە٢٨ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ هەشتەمین کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان به‌ به‌شدارى ٩٠٠ ئه‌ندام لە شاری هەولێر، دەستی بە کارەکانی کرد. 

 
 


PM:02:57:28/12/2019