بەغداد.. پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕەوانەكرد

ئەمڕۆ شەممە سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی ڕاگەیاند" مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی  كوردستان بۆ ئەمساڵ، لە بانكی ناوەندی لە هەولێر دانراوە".

 

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد" مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی  كوردستان بۆ ئەمساڵ، لە بانكی ناوەندی لە هەولێر دانراوە، دوای ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە ڕەوانەكراوە، لە ڕۆژی پێنجی كانوونی دووەمی داهاتووش بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەكرێت".

 

سەرچاوەکە بە ماڵپەڕی (بغداد الیوم)یشی ڕاگەیاند" حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقە، تا بزانێت چارەنوسی بودجەی ٢٠٢٠ بەچی دەگات كە تائێستاش نادیارە، هاوکات وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بەردەوام دەبێت لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگەكانی ١١ و ١٢ لە هەموو سەری مانگێكی ساڵی داهاتوو".

 

هەروەها دوێنێ هەینی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچە لە داهاتی هەرێم بۆ چەند وەزارەت و فەرمانگەیەك ئامادەیە و پارەكەی بەغداش لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی ئامادەیە".

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بە پارەی داهاتی ناوخۆ و سامانە سروشتییەكان كە بڕەكەی ٣١٧ ملیار دینارە و  پارەكەی بەغداش كە بڕەكەی ٤٥٣ ملیار دینارە مووچەی فەرمانبەران دابەشدەكات.



ئه‌م بابه‌ته ‌10762 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:35:28/12/2019