هاوڵاتییەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،  هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕوانسەر و دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی جوانڕۆ کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە.

 

رێكخراوى هەنگاو بۆ مافى مرۆڤ كه‌ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ چاودێرى ره‌وشى مافى مرۆڤ له‌ خۆرهه‌ڵاتى كوردستان ده‌كات ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند" هاشم مورادی کە خەڵکی گوندی بنچەڵێی سەربە روانسەر و دانیشتووی گوندی سەفیاوای جوانڕۆیە، دوای ئەوەی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە، تەرمەکەی دۆزراوەتەوە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەنگاو دەشڵێت"  هاشم مورادی لە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی تشرینی دووەم لەگەڵ دەستبەسەر کرانی بەربڵاوی هاووڵاتیانی کورد لە شاری جوانڕۆ دەستبەسەر و لەوکاتەوە بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لە سەری نەبووە".

 

رێکخراوی هەنگاو باسی لەوەش کردووە، تەرمی هاشـم مورادی کاتێک دۆزراوەتەوە، هەر دوو پێی بەسراوەتەوە و شوێنەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیار بووە.

 

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" تەرمی هاشم مورادی ئەمڕۆ لە گۆڕستانی گوندی بنچەڵێ سەر بە شاری ڕوانسەر لەپارێزگای کرماشان لە کەشێکی ئەمنیدا بە خاک سپێردرا، هیزە ئەمنییەکان هوشدارییان بە بنەماڵەی هاشم داوە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک ئەو بابەتە میدایی بکرێتەوە و ئەگەر ئەو کارە بکەن ئەوا لێپێچینەوەیان بەرانبەر دەکرێت".

 

هاشم مورادی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵی بچوک بووە. لەکاتی دەسفرۆشی و لە ساتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەستبەسەر کراوە.

 




PM:07:29:02/01/2020