ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد لە لیستە جیاکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو کەشەی دەیانەوێت ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقی لەسایەدا بکرێت، کەشێکی تەواو " ئیرهابی سیاسی و فیکریە".
بڕیارە ئەمڕۆ ٥ ی کانوونی دووەم پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدات لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق، چەند میلیشیایەکی شیعە لە میدیاکانەوە هەڕەشە دەکەن کە هەر پەرلەمانتارێک بەشداری کۆبوونەوەکە نەکات و دەنگ نەدات بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا" رسوای دەکەن "، پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەمە دەچێتە خانەی " ئیرهابی سیاسی و فیکریەوەو هیچ سەربەخۆییەک بۆ کاری پەرلەمانی ناهێڵێتەوە"، ئەم بیرورایەی پەرلەمانتارانی کورد زیاتر لە پەرلەمانتارێکی لیستە جیاجیا کوردیەکان بە " ماڵپەڕی سپی " یان راگەیاند.
هەرچەندە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بڕیاریان داوە بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆ نەکەن، بەڵام کەسیان ئامادەنەبوون بەناوی خۆیانەوە لێدوان بدەن، ماڵپەڕی " سپی " پەیوەندیکرد بە زیاتر لە پێنج پەرلەمانتاری کوردەوە، بەبێ ناوهێنانی ناوەکانیان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.
بەپێی زانیاریەکانی سپی، ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتارانی سونەش بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن، پێدەچێت" زەحمەت بێت ژمارەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەکە ئامادەبێت"، وەک پەرلەمانتارانی کورد ئاماژەی بۆ دەکەن.
لەو گرووپە شیعانەی کە بە ئاشکرا فشار دەخەنە سەرپەرلەمانتاران و پەرلەمانی عێراق، تا ئیستا گرووپی حیزبوڵا و ئەعسائیبی ئەهلی حەق بە ئاشکرا لێدوان دەدەن دژی ئەو پەرلەمانتارانەی بەشداری ناکەن، یان لەگەڵ ئەوەدانین پەرلەمان بڕیار لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بدات، لەو میانەیەدا، ئەبو عەسکەر عەلی فەرماندەی حیزبوڵا لە تویتێکدا داوا لە حەلبوسی دەکات پەرلەمان کۆببیتەوەو کار بکات بۆ دەرکردنی یاسایەک کە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەربکرێت.
هەروەها مەحمود روبەیعی پەرلەمانتاری پەرلەمانی سەر بە گرووپی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە" هەر پەرلەمانتارێک لەگەڵ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکادا نەبێت لە عێراق نابێت بێتەوە سەر کورسیەکەی".
بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوەو رەشنووسی یاسایەک تاوتوێ بکات بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و تا ئێستا ١٦٠ ئەندام پەرلەمان واژوویان کردووە و پێویستی بە ١٦٥ دەنگ هەیە.