پۆلیسی گەرمیان ئاماری رووداوەكانی ساڵی 2019 ی سنوورەكەی راگەیاند و بەپێی ئامارەكەش، زۆربەی روودا و تاوانەكان كەمیكردووە، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت هۆكارەكەی كاراكردنەوەی بەشی نەهێشتنی تاوان و زیادكردنی ئیجرائاتە.
عەلی جەمال قدوری وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئەمڕۆ دوو شەممە 6-1-2020، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری رووداوەكانی ساڵی 2019 ی ئاشكراكرد و رایگەیاند" لەسنووری گەرمیان 12حاڵەتی كوشتن و 3 حاڵەتی خۆكوشتن و 8 رووداوی كوشتنی بەهەڵە تۆماركراون".
وتیشی" 417 حاڵەتی شەڕی جۆراوجۆر و هەشت حاڵەتی دزینی ئۆتۆمبێل و 213 دزی جۆراوجۆر و 14 حاڵەتی رفاندن تۆماركراون".
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاند" لەساڵی 2019، 166 حاڵەتی تاوانەكانی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و 18 حاڵەتەكانی ساختە و تەزویر و 25 تاوانی بەدڕەوشتی تۆماركراون".
ئاماژەی بەوەشکرد" لەسنووری گەرمیان 149 حاڵەتی فێڵكردن و 330 حاڵەتی هەڕەشەكردن تۆماركراون، هاوكات 88 كەس بەتۆمەتی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت دەستگیر كراون".
وتیشی" هەزار و 401 سكاڵا لەبنكەكانی گەرمیان تۆماركراون و بەهۆی كاراكردنەوەی بەشی نەهێشتنی تاوانیشەوە تاوانەكان لەساڵی 2019 بەبەراورد بەساڵی 2018 و بەتایبەت حاڵەتەكانی دزیكردن بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە".