هەسەدە ئامارێکی نوێی هێرشەکانی تورکیای بڵاوکردەوە

هێرشەکانی حکوومەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ئەنجامی شەڕ و بەرخۆدانەکانی سێ ڕۆژی ڕابردووی لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند"هێرشی داگیرکەری دەولەتی تورک و چەتەکانی لەدژی گوندەکانی تەل تەمر بەردەوامە".

 

ڕاگەیەنراوەکەی هەسەدە بەم شێوەیەیە:

 

"سوپای داگیرکەر و چەتەکانی لە هەرێمەکانی تل تەمر و عەین عیسا بە چەکی قوڕس و ئۆبوس ناوچە مەدەنییەکانیان بە چڕی تۆپباران کرد.

تل تەمر

گروپە چەتەکان گوندەکانی راشدییە، باب و دەوروبەری ناوچەکەیان کردە ئامانج و بە چڕی تۆپبارانیان کرد.

عەین عیسا

سوپای داگیرکەر بە چەکی قوڕس، هاوەن و ئۆبوس گوندەکانی ئوم هوێش، کۆر حەسەن، خربت بەقار، ئەلدبس، ئەلخالدییە و چێشتخانەی سەقڕ لە نزیک گوندی خالدییەیان بە چڕی تۆپباران کرد. گروپە چەتەکان هەروەها هەوڵیان دا هێرش بکەنە سەر هێزەکانی سوپای سوریا. لە ئەنجامی هێرش و تۆپبارانەکاندا، زیانێکی زۆری مادی بەر ناوچە مەدەنییەکان کەوت.

پلانێکی هێرشکردنە سەر هێزەکانی سەر سنوور پوچەڵ کرایەوە

هێزەکانی خۆپاراستن هێرشێکی شانە نووستووەکانی داعشیان لە ناوچەی دێرزور پوچەڵ کردەوە. هێرشی چەتەکانی داعش کە خۆیان ئامادە کردبوو بە ژمارەیەکی زۆری چەکدارەکانیانەوە، بە تۆپ و چەکی قوڕس هێرش بکەنە سەر بارەگاو سەنگەری هێزەکانی خۆپاراستن و هێزەکانی سەر سنوور لە دێرزور، بە ئۆپڕاسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی خۆپاراستن، پوچەڵ کرایەوە. لە ئەنجامی ئۆپڕاسیۆنەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە تۆپ و چەندین جۆری دیکە تەقەمەنی، دەستی بەسەردا گیرا."



PM:08:07:06/01/2020