سوپای ئەمریکا: عێراق جێدەهێڵین

هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند" جموجۆڵەکانمان بەتایبەتی جموڵە ئاسمانییەکانمان لە ئاسمانی بەغداو ناوچەی سەوز چڕدەکەینەوە، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بکشێینەوە".

 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ عه‌مید ویلیام سیلی سێیه‌م، ئه‌فسه‌ر له‌ هێزه‌كانی پیاده‌ی ده‌ریایی ئه‌مه‌ریكا (مارێنز)، فه‌رمانده‌ی ئه‌ركه‌كان له‌ عێراق له‌ نووسراوێكی ره‌سمیدا كه‌ ئاراسته‌ی جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق، فه‌ریق ركن، عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاروڵڵای كردووه‌، رایگه‌یاندووه‌" وه‌ك رێزێك بۆ سه‌روه‌ری كۆماری عێراق و به‌ گوێره‌ی داوای په‌رله‌مانی عێراق و سه‌رۆك وه‌زیران، فه‌رمانده‌ی هێزی ئه‌ركه‌ هاوبه‌شه‌كان، له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژ و هه‌فته‌ی داهاتوودا رێكده‌خرێنه‌وه‌، له‌ پێناو جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمان رێككاری پێویست بگرنه‌ به‌ر بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌رچوونمان له‌ عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت".

هه‌روه‌ها هاتووه‌" له‌و ماوه‌یه‌دا جوڵه‌ی فڕۆكه‌كان و هێلیكۆپته‌ره‌كان له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز له‌ به‌غدا زیاد ده‌كات".

له‌ به‌شێكی دیكه‌یدا هاتووه‌" هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی رێكاری پێویست بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نیگه‌رانی گشتی ده‌گرنه‌ به‌ر و هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ كاتژمێره‌كانی شه‌ودا ئه‌نجام ده‌درێت".

له‌ كۆتایشدا هاتووه‌" ئێستا ئێمه‌ رێز له‌ بڕیاری سه‌روه‌ری عێراق ده‌گرین كه‌ داوای ده‌رچوونمان ده‌كات".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ په‌رله‌مانی عیراق پڕۆژه‌ بڕیارێكی په‌سه‌ند كرد كه‌ حكومه‌ت پابه‌ند ده‌كات بۆئه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عیراق بكاته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ دانیشتنه‌كه‌شدا فراكسیۆنه‌كانی كورد و سوننه‌ به‌شدارییان نه‌كرد.

 

هاوکات هەر دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند" ئەگەر هێزەکانمان دەربکرێت سزای توند بەسەر عێراقدا دەسەپێنم".



PM:11:08:06/01/2020