بەھۆی پابەندنەبوون بەمەرج ورێنماییەکانی کارکردنەوە لەلایەن لیژنەھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دوو ئارایشتگای جوانکاری خانمان داخران.
لە ڕاگەیەندراوێکدا قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە" لەئەنجامی سەردانە بەردەوامەکانی لیژنەی ئارایشتگای سەربەلیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی بۆئارایشتگا وئەو شوێنانەی خانمان بۆجوانکاری روی تێدەکەن و پشکنینی شوێن، ئامێرو ئەوکەسانەی کاری تیا دەکەن، دەرکەوتووە ھەردوو ئارایشتگای (لۆجین) لەسەرچنار و (ئیمیلی) لەبەختیاری پابەندی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن نابن".
دەشڵێت" ھۆکاری داخستنی دوو ئارایشتگاکە بونی جیھازی تاتۆ بووە لە شوێنەگەدا بەبێ بونی مۆڵەت و نەبونی مۆڵەتی تەندروستی و بەسەرچونی کارتی تەندروستی کارمەندەکانی".
لەپێشینەی کاری لیژنەھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەکاتی سەردانەکانیان بۆشوێنەکان، لەڕوی تەندروستییەوە پشکنین وھەڵسەنگاندنی بۆ شوێنەکە، ئەو ئامێر پێداویستیانەی رۆژانە بەکاری دەھێنن و ئەو کەسانەی لەشوێنەکە کار دەکەن، دەکات و لەکاتی ھەبوونی کەموکورتی شوێنەکە و خاوەنەکەشی روبەروی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە کە بەبڕێک غرامەی ماددی دەست پێدەکات تا دەگاتە داخستن و روبەروکردنەوەی دادگا.