ترامپ: هەتا من سەرۆک بم ناهێڵم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
هیچ سەربازێکمان لە هێرشی ئەم بەیانییەدا بەرنەکەوتووە

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ، لەبارەی هێرشەکەی ئەم بەیانییەی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و پرسی چەکی ئەتۆمی رایگەیاند " هەتا من سەرۆک بم ناهێڵم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"، هەروەها وتیشی " لە هێرشەکەی ئێراندا هیچ سەربازێکمان بەرنەکەوتووەو بێ زیانین".

 

 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە سەرەتا ترامپ زۆر بەتووندی لە دژی ئێران دەستیپێکردو، کۆتاییەکەی بەو ئاراستەیە برد کە ئەمەریکا ئاشتی دەوێت، لە گرنگترین تەوەرەکانی وتەکەیدا وتی:

 

- تا من سەرۆک بم ناهێڵم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

 

- هێرشی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر هێزەکانمان هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە، تەنها زیانێکی مادی کەمی لێکەوتۆتەوە.

 

- ئەمەریکا خاوەنی گەورەترین و بەهێزترین سووپاو چەکە لە جیهاندا.

 

- ئێران تیرۆر پەروەردە دەکات و هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان.

 

- سلێمانی بەبڕیاری من کوژرا، گەورە تیرۆیستە، هەڕەشە بووە لەسەر کووشتنی چەندان خەڵک، بەرپرس بووە لە هێرشەکان لە دژی ئەمەریکا. دەستی سلێمانی سووربوو بەخوێن.

 

- سزای نوێ و توند بەسەر ئێراندا دەسەپێنین.

 

لە کۆتای قسەکانیدا کە ئاراستەی وتەکەی نەرم کردەوە، رووی لە گەلی ئێران کرد کە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، گەلی ئەمەریکا ئاشتی دەوێت.

 

هەروەها باسی کوژرانی ئەبوبەکری بەغدادی کردو وەک دەستکەوتێکی ئیدارەکەی ناوبرد.

 

وەک چاودێران لێکیدەدەنەوە وتارەکە نەرم بوو بەئاراستەی هێمن کردنەوە، بەلآم چاودێری جموجوڵەکانی ئێران و هاوپەیمانە شیعەکانی دەکات و ئەگەر هێرشی تر بکرێتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، ئەو دەمە رەنگە ئەمەریکا گورزی زۆر کاریگەر لە ئێران و هاوپەیمانەکانی بوەشێنێت.

 

 

 

 



PM:07:36:08/01/2020