سەدر داوای دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و داخستنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی دەكات

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و داخستنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی دەكات.

 

موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر لە راگەیەندراوێكدا داوای لە گروپەكانی حەشدی شەعبی كرد كە كاردانەوەی سەربازییان نەبێت بەرامبەر بە هێزەكانی  ئەمریكا و ئەو دەنگی توندڕەوەكانیش كپ بكەن تا ئەو كاتەی هەموو رێگە سیاسی و پەرلەمانی و نێودەوڵەتییەكان دەگرنەبەر بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەدر ئاماژەی بەوەکردووە" نابێت هیچ دەوڵەتێکی دراوسێ و ئەمریکاش، جارێکی دیکە لەسەر خاکی عێراق، پێشێلکاریی ئەنجام بدەن".

 

دەشڵێت" پێویسته‌ پێنج كاندید دیاری بكرێن و له‌ ماوه‌ی ١٥ رۆژدا پرسی سه‌رۆك وه‌زیران دوور له‌ هاشوهووشی سیاسی و په‌رله‌مانی و تائیفی یه‌كلا بكرێنه‌وه‌".

 

هاوکات موقتەدا سەدر داواشی لە حەشدی شەعبی کردووە، سەرجەم بارەگاکانی دابخات، تاکو نەبن بە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان، تا ئەو کاتەی بڕیاری بەرگریی دەدرێت دژی هێزە "داگیرکەرەکان" ئەگەر لە عێراق نەچنە دەرەوە.

 

زیاتر لە دوو مانگە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە عێراق دەستیپێكردووە و دوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتیش، تا ئێستا كوتلە سیاسییەكان لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رێكنەكەوتوون كە ببێتە جێی رەزامەندی خۆپیشاندەران.

 
 


PM:10:12:08/01/2020