بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندرا

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ کاتژمێر ١١:٠٠ پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە، بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکەش سێ تەوەر لە خۆدەگرێت، یەکێک لە تەوەرەکانی دانیشتنەکەش خویندنەوەی دووەمە بۆ پڕۆژە یاسای چاکسازی.

 

لە نوسراوێکدا کە کۆپییەکی دەست ماڵپەڕی "سپی" کەوتووە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە" دانیشتنەكە سێ تەوەر لە خۆ دەگرێت ئەوانیش، لە بڕگەی یەكەمی كارنامەی دانیشتنەكەی پەرلەمان، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای مادە هۆشبەرەكان و كارتێكارە عەقڵییەكان دەدرێت. هاوكات لە بڕگەی دووەمیشدا دەنگدان بۆ دەستنیشانكردنی رۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان دەدرێت".

 

بڕگەی سێیەمی دانیشتنەكەی پەرلەمان كە بڕگە هەرە گرنگەكەیەتی، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی تر دەكرێت كە شەش لیژنەی پەرلەمانی راپۆرتیان لەسەر ئامادە كردووە.

 

دوێنێ ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری لیژنەی دارایی پەرلەمان، دوو بڕگەی بۆ پڕۆژە یاسای چاکسازی زیادکرد، کە یەکێکیان بریتییە لە کردنەوەی ئەژمارێکی بانکی بۆ شایستە داراییەکانی موچەخۆران.

 




PM:07:03:09/01/2020