بارزانی بۆ ئەمەریکیەکان: بە نەمانی ئێوە لە ناوچەکەدا تیرۆر بەهێز دەبێتەوە

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەگەڵ وەفدێکی ئەمەریکی کە بەسەرۆکایەتی دیڤید شینکەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وتی" نەمانی هێزی هاوپەیمانان لە ناوچەكەدا دەبێتە هۆی ئەوەی كە جارێكی تر تیرۆر لەژێر ناوی جۆراوجۆر بەهێز ببێتەوە".

 

 
ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی کانوونی دووەم لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پێشوازی لە دەیڤید شینكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیف فەگین كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و چەند ڕاوێژكارێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.

 


لە دیدارەكەدا دوایین پێشهاتەكانی عێراق و گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە تاوتوێ كرا. یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی پابەندە بە عێراق و هەرێمی كوردستان و خوازیاری ئەوەیە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بكەوێتە سەر ڕێگەیەكی دروست و سەقامگیری بگەڕێتەوە.

 


هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارزانی هۆشداریی ئەوەیدا كە نەمانی هێزی هاوپەیمانان لە ناوچەكەدا دەبێتە هۆی ئەوەی كە جارێكی تر تیرۆر لەژێر ناوی جۆراوجۆر بەهێز ببێتەوە.

 


پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و هەنگاو و ڕێگەچارەكان بۆ چاككردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بەجێگەیاندنی داواكارییەكانی خۆپێشاندەرانی پارێزگاكانی ناوەند و باشووری عێراق تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

 


PM:08:09:09/01/2020