بڕیاردەری لیژنەی دارایی: ناردنی بودجە بۆ هەرێم بەردەوامە

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ناردنی مووچە لە 16 بۆ 24ـی مانگ بووە و ئێستاش هیچ شتێک لە عێراق رووی نەداوە، بودجە وەک خۆی دێتە کوردستان و بانکی مەرکەزیش رۆژانە دۆلار دەخاتەبازاڕەوە بۆ کۆنترۆڵی نرخی دۆلار".

 

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" ناردنی مووچە لە 16 بۆ 24ـی مانگ بووە و ئێستاش هیچ شتێک لە عێراق رووی نەداوە کە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، نەوتی عێراق هەناردە دەکرێت و دەفرۆشرێت و داهاتی عێراقیش وەک خۆیەتی و بانکی مەرکەزیش وەک خۆی کارەکانی دەکات. بۆیە ئەو بودجەیەش مانگانە وەک خۆی دێتە کوردستان و دابەش دەکرێت".

 

 بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق وتیشی" تا ئێستاش رۆژانە بانکی ناوەندیی 250 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕ و چەند ساڵێکە بەهای دۆلار و دیناری راگرتووە".

 

ئەحمەد سەفار ئاماژەی بەوەشکرد" تاکو ئێستا ئەو بودجەیە نەچووەتە پەرلەمان و لە ساڵی نوێدا بە بودجەیەکی کاتی کاردەکەین و مانگانە بڕی 453 ملیار دینار دەگاتە کوردستان تاوەکو ئەوکاتەی بودجەی 2020 پەسەنددەکرێ".

 

ڕاشیگەیاند" بەهۆی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و عێراق روویداوە کاریگەریی لەسەر ئابووری عێراق هەبووە. بەڵام کاریگەرییەکان بەو شێوەیە نییە کە لە راگەیاندن سۆشیاڵمیدیا باسی لێوەدەکرێت".

 

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق خەڵکی کوردستانی دڵنیا کردەوە کە شتێکی وا رووینەداوە کە کاریگەریی لەسەر بازاڕ هەبێت، بەڵام  ئەگەر کێشەیەکیش لەنێوان ئەمریکا و عێراق هەبێت کاریگەری لەسەر کوردستان نابێت، چونکە نەوت و گازی کوردستان هەر بەدەست خۆیەوەیە و خۆی دەیفرۆشێ و نەدراوەتە سۆمۆ".

 

وتیشی" ئەو نەوتەی کە عێراق دەیفرۆشێ پارەکەی دەچێتە سەر حسابێکی بانکی لە ئەمریکا و ئەمریکا دەیداتە وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەوان دەیدەنە بانکی مەرکەزی و لە بانکی مەرکەزیش دینار دەدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی فەرمانبەران".

 

 



AM:10:34:10/01/2020