واشنتن لەبارەی داواکەی عەبدولمەهدی بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق رونکردنەوە دەدات

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لەسەر ناردنی شاندیان بۆ عێراق رونکردنەوە دەدات و دەڵێت" هەر وەفیدێكی ئەمریكا سەردانی بەغداد بكات گفتوگۆ لەسەر كشانەوەی هێزەكان ناكات".

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ هەینی مۆرگان ئۆرتاگۆس، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ئاشکرایکرد" پێویستە ئەمریكا و عێراق گفتوگۆ بكەن نەك تەنها لەبارەی دۆخی ئەمنی، بەڵكو سەبارەت بە هاوپەیمانی دارایی و ئابوری و دیبلۆماسی نێوانیشیان".

 

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا وتیشی" هەر وەفدێكی ئەمریكی سەردانی عیراق بكات بۆ جەختكردنەوەیە لەسەر پەیوەندییە ستراتیژییەكان نەك بۆ باسكردنی پاشەكشەی هێزەكانمان ، بۆیە لەگەڵ عیراق لەبارەی كشانەوەی هێزەكانمان گفتوگۆ ناكەین".

 

ئەم لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری عیراق ڕایگەیاند، داوایەکی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردووە بۆ ناردنی دوو نوێنەر بۆ عیراق بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی بڕیارەکەی پەرلەمانی عیراق کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لە چوونەدەرەوەی هێزە بیانیەکان لە عیراق و بەتایبەتیش هێزەکانی ئەمریکا.

 

جێی باسه‌ ئه‌مه‌ریكا شه‌ش هه‌زار سه‌ربازی له‌ عێراق هه‌یه‌ و دوای بۆردمانی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس په‌رله‌مانی عێراق ته‌نیا به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی شیعه‌ كۆبووه‌وه‌ و بڕیاری دا حكوومه‌ت پابه‌ند بكات به‌ كاركردن له‌سه‌ر ده‌ركردنی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی بیانی له‌ عێراق.

 
 

 



PM:07:33:10/01/2020