ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریكا، بەرامبەر کوشتنی خۆپیشاندەران و تێکدانی ڕەوشی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە سزای نوێیان بەسەر ئێراندا سەپاند.

 

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و ستیڤن منوچن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند" سزایان بەسەر هەشت بەرپرسی دیکەی ئێران و چەند کەسێکی دیکەی ئێراندا سەپاندووە کە هاوکاری تیرۆر دەکەن لە عێراق و سووریا".

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد" سزاکانی سەر ئێران سیاسی و دیبلۆماسیە و بە کوشتنی قاسم سولەیمانی سزاکان کۆتاییان نایەت، سزاکان کەرتەکانی ئاڵوگۆڕی پیشەسازی و کانزاکان لە خۆ دەگرێت".

 

هاوکات پۆمپیۆ سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دوو بنکەی سەربازی ئەمریکی لە ٨ ی ئەم مانگەدا لە عیراق  وتی" گومانی تێدا نیە ئێران لە هێرشەکانیدا مەبەستی بووە سەربازە ئەمریکیەکان بکوژێت".

 

لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند" رەنگە فڕۆکەکە بەهۆی موشەکی ئێرانیەوە کەوتبێتە خوارەوە و پێویستە لێکۆڵینەوەکان لە بارەیەوە زۆر ڕوون و ئاشکرا بەڕێوەبچن".

 

راشیگەیاند" سزا نوێکانیان چالاکییەکانی ئێران کەم دەکاتەوە و ئەمەریکا هەرگیز رێگا نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

 

دەشڵێت" ئەوان لە عێراق دەمێننەوە و لە هاوکاری عێراقییەکان دژی داعش بەردەوام دەبن، کوشتنی سولەیمانی ئەبوبەکر بەغدادی و ئوسامە بنلاندن نیشانەی بە هێزی و سەرکەوتنی ئەمریکایە".

 

 

 




PM:07:53:10/01/2020