لە یارییەکانی گەڕی یازدەیەمی خولی نایابی کوردستان ئەمڕۆ لەسەر یاریگەی دھۆک، پێشمەرگەی ھەولێر بووە میوانی یانەی دھۆک و بە دوو گۆڵ بەرانبەر بەگۆڵێک تووشی دۆڕان بوو.
لەنیوەی یەکەمدا پێشمەرگە باشتر یاری دەکرد و فشاری بۆ سەر تیپی خانە خوێ زیاتر بوو، لە خولەکی ٢٧ (فەرھەنگ وریا) یاری بە یاریزانانی ھێڵی بەرگری دھۆک کرد و بەشێوازێکی جوان گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی پێشمەرگە تەواو بوو.
لەسەرەتای نیوەی دووەم و لە خولەکی ٥٠ چیا نازی گۆڵی یەکسانی دھۆکی تۆمارکرد، یارییەکە تا دواین خولەکەکان بەم ئەنجامە مایەوە و لە خولەکی ٩١ موئەیەد عەبدولباست لەدەرەوەی ناوچەی سزا لێدانێکێ ئاڕاستە کرد و گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی بۆ دھۆک تۆمارکرد.
بەم شێوەیە پێشمەرگەی ھەولێر ژمارەی خاڵەکانی لە ١٥ خاڵ مایەوە و خانەی پێنجەمی گرتووە.
راگەیاندنی پێشمەرگەی هەولێر