هەسەدە ژمارەی ونبووانی ڕۆژئاوا ئاشکرا دەکات

لە ڕاگەیەندراوێکدا هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" ژمارە و ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات کە لە ماوەی دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی سووریا لە ڕۆژئاوای کوردستان ونبوون، تێکڕایان زیاتر لە سێ هەزار کەسن.

 

ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە بەم شێوەیەیە:

 

"لەسەر بنەمای دەستپێشخەریی فەرماندەیی گشتی قەسەدە بۆ یەکریزی گوتاری کوردی لە سوریا، لە چوارچێوەی خەباتی هاوبەش بۆ دروستکردنی متمانە لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە سوریا، فەرماندەیی گشتی قەسەدە بە دانوستان لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد-ئەنەکەسە، کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتی دروست کرد کە لە دۆسیەی بێسەر و شوێنبوونی ١٠ کەسی بێ سەر و شوێن دەکۆڵێتەوە کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە پێشکەشی کردوون.

فەرماندەیی گشتی لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا لیستێکی لە ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سوریا-ئەنەکەسە وەرگرت، تێیدا ناوی ١٠ کەسی بێ سەروشوێن و مێژووی بێسەروشوێنبوونیشیان دیاری کراوە، لیستەکە بریتییە لەم ناوانە:

١. جه‌میل عومه‌ر، شوێنی ونبوون: قامشلۆ، ١٣ی تەمووزی ٢٠١٢.

٢. بەهزاد دۆرسن، شوێنی ونبوون: دێرک، ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢.

٣. نیزال عوسمان، شوێنی ونبوون: دێرک، ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢.

٤. ئەحمەد عوسمان سەیدۆ، شوێنی ونبوون: عەفرین، ١٩ی تەمووزی ٢٠١٣.

٥. ئەحمەد خەلیل، شوێنی ونبوون: عەفرین، ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣.

٦. ئیدریس عەلۆ، شوێنی ونبوون: عەفرین، ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣.

٧. شەعبان عەبدولحەمید شێخۆ، شوێنی ونبوون: عەفرین، ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣.

٨. ئەمیر حامد، شوێنی ونبوون: دەرباسیە، ١١ی کانونی دووەمی ٢٠١٤.

٩. فوئاد ئیبراهیم، شوێنی ونبوون، دێرک، ٢٤ی ئازاری ٢٠١٧.

١٠. سعود میرز ئەلعیسا، شوێنی ونبوون: دەرباسیە، ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩.

لەگەل پێشکەشکردنی لیستەکە، لێژنەی لێکۆلینەوە دەستبەکار بوون، دوای لێکۆڵینەوەی فراوان لەبارەی هۆکارەکانی ونبوویان، دەرکەوت کە ٨ کەس لەو ١٠ کەسە، لە قۆناغی ئاڵۆزی ئاسایشی لە کاتی بڵاوبوونەوەی شانە تیرۆریستییەکانی لایەنە هەرێمییکان ون بوون.

تەواوی ئەو ٨ کەسانە، پێش دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری و دامەزراوەکانی بووە بە شێوەی فەرمی، بە واتای ئەوەی کە دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری لە ٢١ی کانونی دووەمی ٢٠١٤ بووە، بۆیە پێش ئەو وادەیە بێ سەر و شوێن بوونە، هاوکات پێش دامەزراندنی یەپەگەش بووە.

لە بارەی بابەتەکەوە بنەماڵەی ونبووەکان و لایەنە سیاسییە پەیوەندیدارەکان، بە وردی لە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاگادار دەکرێنەوە، لە ئەنجامی لێکۆلینەوەکاندا ئەوەش زانراوە کە سعود میزر ئەلعیسا لە لای ئاسایش گشتی دەستگیر کراوە و لە رۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ ئازاد دەکرێت.

هەروەها کۆمیتەکە نەیتوانیوە لێکۆلینەوە لەبارەی چارەنووسی ئەو کەسانە بکات کە لە عەفرین بێ سەروشوێن بوون، ئەوەش بەهۆی دۆخی ئێستای عەفرینەوەیە کە لەژێر کۆنترۆلی هێزەکانی دوژمن دایە.

وەکو قەسەدە ئەوە پتشڕاست دەکەینەوە کە دۆسیەی کەسانی بێ سەر و شوێن بە زۆری لە ناوچەکانی جزیرە، کۆبانێ و عەفرین رفێندراون، دۆسیەیەکی گەورە و تێکەڵاوە، هەتا ئێستا سێ هەزار و ٢٨٦ کەس بێ سەر و شوێنن، لەو ژمارەیە ٥٤٤ کەسیان پێش داعشە و دوو هەزار و ٣٦٨ کەسیش لەلایەن گرووپەکانی گرێدراوی ئۆپۆزسیۆنی ئەلوەتەنی سوریا و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی کاتی سوریاوە رفێندراون و ٤٧٤ لەو بێ سەروشوێنبووانە لەلایەن ئاسایشی حکومەتی ناوەندی سوریاوە رفێندراون.

کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی چارەنووسی بێ سەر وشوێن کراوەکان ئەرکێکی ئەخلاقی و یاساییە، دەبێت خەباتێکی هاوبەش و راست بکرێت، پێویستە هەموو لایەک هاوکاری بکەن و چالاک بن لەو ڕووەوە، هەروەها دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و رۆژهەلاتی سوریا بەرپرسیارییەتی یاسایی بەدواداچوونی دۆسییەکەیانی گەیاندوەتە ئەنجامی پێویست و خستویەتیە سەر شانی خۆی".


 



PM:10:32:10/01/2020