دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ هەینی وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریكا، بەرامبەر کوشتنی خۆپیشاندەران و تێکدانی ڕەوشی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە سزای نوێیان بەسەر ئێراندا سەپاند، هاوکات ئەمریكا لیستی ناوی ئەو لێپرسراوە ئێرانییانەی ئاشكرا كرد.
بە پێی لیستەكە كە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە بڵاوكراوەتەوە سزادراوەكان پێكهاتوون لە:
* عەلی شەمخانی - سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی
* عەمید غوڵام رەزا سولەیمانی - فەرماندەی هێزەكانی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران
* موحسین رەزایی - سەرۆكی ئەنجومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران
* عەمید محەمەد رەزا نەقدی - یاریدەدەری فەرماندەی سوپای پاسداران بۆ كاروباری هەماهەنگی
* عەمید محەمەد رەزا ئیشتیائی - جێگری سەرۆكی ئەركانی سوپای ئێران
* عەمید عەلی عەبدوڵاهی - جێگری سەرۆك ئەركانی سوپای ئێران بۆ كاروباری هەماهەنگی
* عەلی ئەسغەر حیجازی - راوێژكاری عەلی خامنەیی بۆ كاروباری ئەمنی
* موحسین قەومی - جێگری راوێژكاری عەلی خامنەیی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی
ئەمەش لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و ستیڤن منوچن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند" سزایان بەسەر هەشت بەرپرسی دیکەی ئێران و چەند کەسێکی دیکەی ئێراندا سەپاندووە کە هاوکاری تیرۆر دەکەن لە عێراق و سووریا".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد" سزاکانی سەر ئێران سیاسی و دیبلۆماسیە و بە کوشتنی قاسم سولەیمانی سزاکان کۆتاییان نایەت، سزاکان کەرتەکانی ئاڵوگۆڕی پیشەسازی و کانزاکان لە خۆ دەگرێت".