" سپی " ناوەرۆکی کۆبوونەوەی نێوان عادل عەبدولمەهدی و سەرکردەکانی حکومەت و پارتی و یەکێتی بڵاودەکاتەوە

سەردانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەفدێکی حکومی بۆ هەرێم و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی پارتی و سەرۆکی ئەنجومەنی بالآی سیاسی یەکێتی، لەسەر سێ پرسی سەرەکی بووە.

 

ئەمڕۆ وەفدێکی بالآی حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی و مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ باس لە سێ تەوەرەی سەرەکی کراوە، پرسی بارگژیەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە خاکی عێراق و هەر لەم تەوەرەدا مەسەلەی سەروەری عێراق، هەروەها پرسی بە‌هێزبوونەوەی داعش، پەیوەندی هەرێم و بەغداش یەکێک بووە لە کۆبوونەوەکان.

 

بەپێی زانیاریەکانی " سپی " عادل عەبدولمەهدی لەسەر سەروەری عێراق و کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، لە عێراق وتوویەتی کە ئەمەریکا جگە لە رووداوەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمەریکا و ئێران و رووداوەکەی سلێمانی و موهەندیس و بۆردومانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەمەریکا رێز لە سەروەری عێراق ناگرێت و چەندان بەرپرسی بالآیان سەردانی عێراق دەکەن، بەبێ گوێدانە سەروەری عێراق و بەبێ بینی بەرپرسە عێراقییەکان، هەروەها عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بۆ پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کردووەو جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەوان مەبەستیان هەڵوەشانەوەی رێککەوتنی ٢٠٠٨ ی نێوان ئەمەریکاو عێراق نییە، بەڵکو مەبەستیان ئەو رێککەوتنەیە کە لەدوای هێرشەکانی داعشەوە ئەمەریکا و ولآتانی تری رۆژئاوایی لەگەڵ عێراقدا گرێیان داوە، عادل عەبدولمەهدی لەو کۆبوونەوەیەدا زیاتر باسی رێکخستنی پەیوەندی هێزەکانی ئەمەریکای کردووە لەگەڵ عێراقداو، بەڕاشکاوی باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای لەولآت نەکردووە( هەست بەپاشکەشەیەک لەو پرسەدا لەهەڵوێستی عادل عەبدولمەهدیدا کراوە)، هەڵوێستی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێمی لەو بوارەدا راشکاوانەیە کە هەرێم بەپێویستی دەزانێت هێزەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بمێننەوە، چونکە هێشتا داعش ماوەو لەم ماوەیەی دوایشدا بەهێزبۆتەوە.

 

لەسەر پرسی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەردوولا جەختیان کردۆتەوە لەسەر بە‌هێزکردنی پەیوەندیەکان و وەرگرتنی هەر بڕیارێک لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان بەهاوبەشی.

 

 



PM:07:21:11/01/2020