ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوەو خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسایی چاکسازی دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ژمارە ١٣ ی ئاسایی ئەنجامدەدات و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای چاکسازی بکات. 

 

لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە" دانیشتنەكە سێ تەوەر لە خۆ دەگرێت ئەوانیش، لە بڕگەی یەكەمی كارنامەی دانیشتنەكەی پەرلەمان، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای مادە هۆشبەرەكان و كارتێكارە عەقڵییەكان دەدرێت. هاوكات لە بڕگەی دووەمیشدا دەنگدان بۆ دەستنیشانكردنی رۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان دەدرێت".

 

بڕگەی سێیەمی دانیشتنەكەی پەرلەمان كە بڕگە هەرە گرنگەكەیەتی، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی تر دەكرێت كە شەش لیژنەی پەرلەمانی راپۆرتیان لەسەر ئامادە كردووە.

رۆژی ١٦ی مانگی رابردوو پەرلەمانی کوردستان خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌می بۆ پرۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینى، مووچه‌، ده‌رماڵه، به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانى دیکە کرد.

 

هاوکات ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری لیژنەی دارایی پەرلەمان، دوو بڕگەی بۆ پڕۆژە یاسای چاکسازی زیادکرد، کە یەکێکیان بریتییە لە کردنەوەی ئەژمارێکی بانکی بۆ شایستە داراییەکانی موچەخۆران.

 


AM:10:45:12/01/2020