پێنج ساڵ بەسەر كۆچی دوایی كەریم كابان تێپەڕی

ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی بە ئەزموونی کورد "كەریم كابان" تێپەڕی. 

هونەرمەندی بەناوبانگی کورد "كەریم كابان" یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە نزیكەی نیو سەدە خزمەتی بە هونەری گۆرانی كوردی کرد، ناوی (عەبدولكەریم جەلال مەحموود عەزیز كابان) ـە. ساڵی ١٩٢٧ لە سلێمانی لەدایك بووە. سەرەتا، لە قوتابخانەی ئایینی و دواتر لە قوتابخانەی (فەیسەڵییە) خوێندویەتی. ماوەیەكیش خزمەتی پۆلیسی كردووە. سەرەتای كاری هونەریی، بۆ ئەو كاتانە دەگەڕێتەوە كە لە تیپی سروودی قوتابخانەكاندا بووە، کەریم کابان، هەرچەندە تەمەنێکی زۆری لە نێو کایەی هونەری کوردیدا هەبوو، کەچی بەرهەمێکی کەمی لە دوای خۆی جێهێشت، بەڵام ناوازەو تایبەت کە بۆ هەمیشە لە گوێی هەموواندا دەزرنگێنەوە.

 

لە ساڵی ١٩٤١ یەکەمین گۆرانی وتووە و لەو ئێزگەیەی کە ئینگلیزەکان لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی دایان نابوو. لەساڵی ١٩٤٥ لە بەغدا دەبێتە بەڕێوەبەری بەشی کوردی لەرادیوی بەغدا، لە ١/٧/‌١٩٤٥ لەشاری بەغدا ئاھەنگێکی گەورەدەگێرێت، ھەرلەم ساڵەشدا یەکەم بەرھەمی خۆی بڵاوکردەوە کەبریتی بوو لە ٨ گۆرانی و دیارترینیان گۆرانیی (یاران وەسێتم، شەو) بووە، گۆرانیەكانی كەریم كابان، هەمووی بۆ عەشق وتراوە، ئیتر عەشقی نیشتمان بێت یاخود عەشقی ئافرەت، یاخود زۆرجار بۆ برادەر و خۆشەویستی ئەو دەوترێت.

 

كەریم كابان، برای گۆرانیبێژی كۆچكردوو (قادر كابان)ە و بە بنەماڵە دەنگخۆش و هونەرپەروەر بوون. كابان یەكێكە لە گۆرانیبێژانی دیار و ناسراوی كورد كە خاوەنی ریتم و دەنگێكی تایبەتمەندە لە گۆرانی و میلۆدیی كوردیدا.

 

كەریم كابان، پێش نەخۆش كەوتنی دەربارەی ئاواتەكانی سەردەمی گەنجی وتبووی:" بەخوا هەزار ئاواتم هەبوون نەهاتنە دی، "لێرە گریا"، هەرە ئاواتی گەرەم رزگاربوونی كوردستان و دروستبوونی دەوڵەتی كوردییە".


هاوکات ئەمڕۆ پێنج ساڵ بە سەر کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی گەلەكەمان كەریم كابان تێدەپەڕێت کە لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا بەهۆیی نەخۆشییەوە لە بەرەبەیانی ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد و بە یەكجاری ماڵئاوایی لە هونەر دۆستان و گوێگرانی دەنگی كرد.



PM:01:03:14/01/2020