لێدوانی راهێنەری نوێی بەرشەلۆنە



ئەمڕۆ سێشەممە یانەی بەرشەلۆنە راهێنەری نوێی یانەکەی کیکی سیتینی بە دەزگاکانی راگەیاند ناساند و گرێبەستێکی تا ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ واژۆ کرد لە شوێنەکەی ڤاڵڤێردی.
لە لێدوانێکیدا ئەو راهێنەرە رایگەیاند" هیچ کات چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد ببم بە راهێنەری بەرشەلۆنە، ئەمڕۆ رۆژێکی تایبەتە بۆ من سوپاسی یانەی بەرشەلۆنە دەکەم کە متمانەیان بە من داوە، دەمەوێت فەلسەفەی خۆم بۆ یاریزانەکان ئاشکرا بکەم ، دوێنێ من لە کێڵگەکەمدا پیاسەم دەکردو ئەمڕۆ راهێنەری باشترین یاریزانەکانی جیهان دەکەم.
وتیشی" سوپاسی ڤاڵڤێردی دەکەم کە یانەکەی لە پێشەنگدا داناوە، من پەیوەەندی باشم لەگەڵ ئەو راهێنەرە هەبووە، ئەمڕۆش قسەم لەگەڵ هەموو یاریزانەکانی بەرشەلۆنە کردووەو ئەوان دەیانەوێت باشتر بن و خۆشم هەموو شت دەکەم لە پێناو ئەم یانەیە.
لە کۆتایدا رایگەیاند" ئامانجی ئێمە لەم وەرزەو وەرزەکانی تر هەموو نازناوەکانەو بردنەوەی هەموو یارییەکانە، من زۆربەی زۆری یارییەکانی یانەی بەرشەلۆنەم  بینیوەو سەرسامم بە میسی، ئەمڕۆش کاتێک بینیم ئەوەم راستەوخۆ پێ وت ، من  ماوەی ١٤ ساڵە سەیری ئەو دەکەم لە بەردەم تیڤیەکانەوە.



PM:06:17:14/01/2020