بڕیارێك لە دژی فەرمانبەرانی هەرێم دەرچوو

لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق داوای له‌ وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری به‌غدا كرد، ره‌وانه‌كردنی پاره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان رابگرێت، داواكارییه‌كه‌ش به‌ پله‌ی یه‌ك كاریگه‌ریی بۆسه‌ر ژیانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، بەڵام د. بەشیر حەداد  جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئەرزشی ئەو نامەیەی کەمکردەوەو دەڵێت " بەس سەرۆکی لیژنەکە ناردوویەتی".

لیژنەی نەزاهەی پەڕلەمانی عیراق، ئەمڕۆ چوار شەممە نووسراوێكی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ كردووە و لە نووسراوەكەدا، كە واژۆی سەرۆكی لیژنەكەی لەسەرە تێیدا هاتووە" بەپشتبەستن بە دەقی ماددەی 27/پێنجەم لە یاسای ئیدارەی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 كە دەبێت لە 2020/1/1 جێبەجێ بكرێت، دەبێت وەزارەتی دارایی ئەو پارانە دیاری بكات، كە بەسەر وەزەتەكان یان هەرێم یان پارێزگاكانەوە هەیە لە پارەی داهاتی نەوت و غاز و داهاتی تری ساڵانە".

 

هەر لە نووسراوەكەی لیژنەی نەزاهەدا بەپێویست زانراوە" وەزارەتی دارایی هەموو خەرجێك بۆ هەرێمی كوردستان ڕابگرێت بە خەرجی هاوكێشەی 12/1، كە لێوەی خەرج دەكرێت لەحاڵەتی پەسەندنەكردنی بودجەی ساڵانەی فیدڕاڵی، چونكە هەرێمی كوردستان ئەو پارانەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت ڕەوانە نەكردووە، كە كەڵەكەبوون بەسەرییەوە و لە داهاتەكانی نەوت و غاز و داهاتەكانی تر پێكدێن".

 

لیژنەی نەزاهەی پەڕلەمانی عیراق جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌: بەپێچەوانەوە، وەزیری دارایی یان هەر بەرپرسێكی تر، بەرپرسیارێتی یاسایی و سزادانی سەرپێچیكردنی ئەو دەقەی سەرەوەی دەكەوێتە ئەستۆ.

 

د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بێ ئەرزشی ئەو نامەیەی بڵاوکردەوەو دەڵێت" ئەوە تەنها رای ئەندام پەرلەمانێکە". 



PM:07:22:15/01/2020