هەواڵ عوسمان: دوای تۆ تەنیا مامەوە

هەواڵ عوسمانی ئەکتەر و هاوسەری هونەرمەندی کۆچکردوو پشتیوان بەدەوی، لە نوێترین دەرکەوتنیدا وێنەیەکی خۆی و پشتیوان بەدەوی بڵاودەکاتەوەو پۆستێکیشی لەگەڵ دەکات و دەڵێت" دوای تۆ تەنیا مامەوە، ئازیزەکەم پشتیوان".

هەواڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئینیستاگرام" رەسمێكی خۆی و (پشتیوان)ی هاوسەری بڵاوكردووەتەوە و لەسەر وێنەكە نوسیوویەتی"ئازیزەکەم پشتیوان! تامەزرۆی دیدارتم، حەزەکەم سەرم بنێم بە دڵتەوە و گوێ بۆ ترپەکانی بگرم، وەکو گوڵێک کە لە گوڵشەن و بولبول دوورخرابێتەوە ئاوارە و وێڵم بۆت، هێندەی فرمێسکەکانم و هێندەی جوانیی پێکەنینەکانت بیرت دەکەم، بۆیە ناهەقم مەگرە کە دەڵێم تەنیا و بێکەست کردووم!!".

 
لە نوسینەکەیدا هەواڵ دەشڵیت" دیسانەوە! خەو لە چاوانم تۆرا، فرمێسک باری و ئاسمانم گریاند، دەربەدەر و بێڕۆح بووم، مامەوە خۆم و ماڵی چۆڵم و یادی تۆ، هەر ڕۆژێک بەبێ تۆ وەکو ساڵێکی نەهات لێم دەڕوات، ئاخر نازانم بۆچی ڕۆژە ناخۆشەکان هێندە درێژن و شەوگارە تەنیاییەکانم هەمووی دەیجورن؟؟؟".

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا هەواڵ ئاماژەی بەوەشکردووە" هێندەی دووریت ئازار دەچێژم تاقانەکەم، دەمەوێت هەناسەکانم بیت تاکو ژین لە جەستەمدا بێت ژینی من بیت!! تەنانەت ڕۆژێک نییە بۆت نەگریابم، خەڵکی ساڵی جارێک یادی ئازیزانیان دەکەنەوە بەڵام من هەموو ڕۆژێک یادت دەکەمەوە!! تەنانەت ساتێکم نییە بەبێ یادی تۆ، تۆ تەنها بە جەستە لێم دووریت ئەگینا ئاوێتە و ئاوێزانی ڕۆحمیت، هەمیشە دەستلەملانی گیانمیت و بۆنت لەگەڵ هەناسەکانمایە ئەی بۆنخۆشترین کەسم!!
ئێستاش هەر وەک جاران خۆشم دەوێیت جانی جانان!! هەواڵەکەی خۆت".

 

ھەواڵ عوسمان، خوشكی هونەرمەند بەیان عوسمانە و زیاتر بە كارەكتەری (ژاڵە) لە زنجیرە درامای گەردەلوول ناوبانگی ھونەریی دەركردووە، ھاوسەری كۆچكردوو (پشتیوان بەدەوی)ی ھونەرمەندە.



AM:11:05:16/01/2020