بۆ پشکنینی پزیشکی یەکێتی تەرمی ئەو پێشمەرگەیەی لە زیندانی ئاسایشی هەولێردا مرد، دەگوازێتەوە سلێمانی

لە نوێترین پەرەسەندی رووداوەکانی گیان لەدەستدانی پێشمەرگەیەکی یەکێتی لە ئاسایشی هەولێر، ئەو حیزبە بڕیار دەدات تەرمی پێشمەرگە کۆچکردەوە بگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی بۆ ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی.

 

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە " سپی " راگەیاند " یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاری داوە کە تەرمی " مەجید ئیبراهیم " ئەو پێشمەرگەیەی یەکێتی کە لە ئاسایشی هەولێر لە سێ رۆژدا کۆچی دوایی کرد، بگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی تا پشکنینی بۆ بکەن کە خۆی گیانی لەدەستداوە، یان لە ژێر ئەشکەنجەدا مردووە.

 

بنەماڵەی مەجید ئیبراهیم ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە شەوی دوو شەممەی رابردوو ئاسایش چوونەتە سەر ماڵەکەیان لە گوندەکەیان لە سیساوەی ناوچەی هەریر و دەستگیریان کردووەو لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە، دواتر لە پزیشکی دادوەریەوە ئەمڕۆ پێنج شەممە ئاگادار کراونەتەوە کە بچن تەرمی ناوبراو وەرگرنەوە.

 

مەجید ئیبراهیم کە خەلكی هەریرەو ١٥ ساڵە پێشمەرگەی یەکێتی یەو بنەماڵەکەشیان هەر سەر بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانن.

 

پێش كەمێك بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی كردەوە " ئەمڕۆ پێنجشەممە تاوانبارێك بە ناوی مەجید برایم عەبدوڵا لە ناو بەندیخانە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ئەمەش دوای ئەوەی پێش ماوەیەك لەلایەن ئاسایشەوە 60 كیلۆگرام مادەی هۆشبەی بەدەستەوە گیرابوو".



ئاسایشی هەولێر لەسەر ئەم رووداوە لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، " دوای كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی دەست بەسەرداگرتنی ٦٠ كیلۆ مادەی هۆشبەر، هاووڵاتی مەجید برایم عەبدوڵایان دەستگیر كرد، ئەمەش دوای پشكنینی ماڵەكەی لە گوندی سیساوەی سەر بە شارۆچكەی هەریر، لە كاتی دەستگیركردنیشیدا، كەسێكی تریش لە ماڵەكەیان لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیر كرا".

 

 

 

 



PM:08:31:16/01/2020