پەرلەمانتارە دەرکراوەکەی نەوەی نوێ روونکردنەوە دەدات

ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ کە ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا لەلایەن جووڵانەکەیەوە دەرکرا، دەڵێت "من خۆم دەستم لە کارکێشاوەتەوە"، دەشڵێت " شاسوار عەبدولواحید بارزگانی بەنەوەی نوێوە دەکات ".


شادی نەوزاد پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە روونکردنەوەیەکدا نووسیوویەتی" ھەموان ئەزانن من بەر بەرچاوی راگەیاندن و بۆ ڕای گشتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا چەند مانگ پێش ئێستا، باسی ئەوەم کرد کە شاسوار عەبدولواحید خیانەتی لە خۆبەخشانی نەوەی نوێ کردوە و بە پێچەوانەی بەڵێنەکان، نەوەی نوێی کردوە بە کۆمپانیای بنەماڵە و کردویەتی بە قوربانی سەفەقات و عەقدی بازرگانی".


هەروەها نووسیوویەتی " دوای ھاتنە پێشەوەی پرۆژە یاسای چاکسازی، ئێمە بە ھاوکاری چەند پەرلەمانتارێکی دڵسۆز زۆر کارمانکرد کە ئەو کۆمپانیا چاوچنۆکانەی کە شاسوار یەکێکە لەوان، پێکەوە ھەزار ملیۆن دۆلاری حکومەتیان لایە و حکومەتیش چاوپۆشییان لێئەکا و لێیان وەرناگرێتەوە، ناچار بکرێن ئەو پارەیە بگێڕنەوە بۆ حکومەت و حکومەتیش بیدات بە کەمئەندامان و کەسوکاری شەھیدان و موچە کەمەکان بەرز بکاتەوە، بۆیە شاسوار کە ٥٢ ملیۆن دۆلاری حکومەتی لایە و بە سەفەقات و رێکەوتنی نھێنی و پشت پەردە نەیداوەتەوە حکومەت".

 
لە کۆتاییدا دەڵێت " بڕیاری کۆتاییم دا و بە فەرمی نامەی وازھێنانم لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ تەسلیمی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە".




PM:08:58:16/01/2020