ترەمپ بۆ جاری دووەم بە فارسی تویتێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ جاری دووهەم بەزمانی فارسی لەڕێگەی ھەژمارەکەی لەسەر تویتەر پەیامێک ئاڕاستەی خەڵکی ئێران دەکات.

 

لە تویتەکەیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە" گەلی ئێرانی مەزن شایانی ئەوەن حکومەتەکەیان خەون و خواستەکانیان بەدیبهێنێت نەک بیانکوژێت لەپای ئەوەی بە ڕێزەوە داوای مافەکانیان دەکەن".

 

لە پەیامەکەیدا ترەمپ دەشڵێت" لەجیاتی ئەوەی دەسەڵاتداران ئێران بەرەو وێرانکاری ببەن پێویستە لەسەریان دەست لە تیرۆر هەڵبگرن و دیسان ئێران بەرەو مەزنی ببنەوە".

 

هاوکات پێشتریش لە تویتێکی دیکەیدا شەوی ڕابردوو ترەمپ هۆشداریدا بە  عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و داوای کرد" خامنەیی لە دەربڕینی وشەکانیدا هۆشیار بێت".

 

تویتەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات دوێنێ‌ خامنەیی لە وتاری نوێژی هەینیدا ڕایگەیاندبوو" ئەو خەم و پەژارەیەی باڵی بەسەر تەواوی ئێراندا گرتووە بەهۆی كوژرانی جەنەراڵ قاسم سولەیمانی، بەڵگەیە لەسەر پشتیوانی ئێرانییەكان بۆ كۆماری ئیسلامی".

 

 



AM:11:43:18/01/2020