وەزیری کارەبا: لەم کابینەیە 90%ی کێشەی کارەبا چارەسەردەکەین

وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" بەهۆی ئەو جیدییەتەی لە سەرۆکی حکومەت، جێگرەکەی و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، بە دڵنیاییەوە لەم کابینەیە 90%ـی کێشەی کارەبا چارەسەر دەکرێت".

 

  کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند" کە باسی کێشەی کارەبا دەکەین دەبێ باسی چوار سێکتەری سەرەکی بکەین لە بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشکردن و کۆنترۆڵ، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی 6 هەزار و 700 مێگاوات کارەبامان هەیە و خواستیش 6 هەزار تاوەکو 6 هەزار و 500 مێگاواتە، ئەوەی بەرهەمی دەهێنین 3 هەزار و 700 مێگاواتە کە دەکاتە 47%ـی ئەو وزەیەی کە دەتوانین بەرهەمی بهێنین".

 

وەزیری کارەبا لەبارەی ئەوەی ئەی بۆ ناتوانن هەموو ئەو کارەبایە بەرهەم بهێنن و بیخەنە نێو تۆڕی نیشتمانی کارەباوە وتی" 350 مەتری سێجا لەلایەن داناغازەوە غازمان بۆ دابین دەکرێت، 125 مەتر سێجا لە خورمەڵە و 85 مەتر سێجاش لە قەیوان. ئەمانە بەشی نزیکەی 25 یەکە دەکەن کە ئێمە 36 یەکەمان هەیە".

 

کەمال محەممەد لەبارەی دابەشکردنی کارەبا بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد" ئێستا لەو رێژەیەی بەرهەمی دەهێنین 42% بۆ هەولێرە، 33.8% بۆ سلێمانییە و 24.5% بۆ دهۆکە، و لە 10 بۆ 12 کاژێر رۆژانە کارەبا دەدرێتە هاونیشتمانیان. ئێستا گرێبەستی بەرهەمهێنانی 1365 مێگاوات کارەبامان کردووە بەبێ هیچ سووتەمەنییەک، ( کۆمباین سایکل 1000 مێگاوات لەگەڵ کار و قەیوان، 200 مێگاواتی ئاو، 165 مێگاوات لەو غازەی کە دەسووتێ و بەکاری هیچ نایەت) کە لەماوەی 5 مانگ بەرهەمەکەی بێتە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی".

 

کەمال محەممەد لەبارەی چارەسەری کیشەی کارەباوە دەشڵێت" دڵنیایی دەدەینە هاونیشتمانیان لەم کابینەیە کێشەی کارەبا لە دەستێکەوە دەچێتە دەستێکی دیکە، بەپێی ئەو کارانەی کردوومانە و بەهۆی ئەو جیدییەتەی لە سەرۆکی حکومەت، جێگرەکەی و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، بە دڵنیاییەوە لەم کابینەیە 90%ـی کێشەی کارەبا چارەسەر دەکرێت".



PM:08:10:18/01/2020