رێواز فایەق لەبارەى خانەنشینییەوە داواکارییەک ئاڕاستەى پەرلەمانتاران دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕوونکردنەوە لەسەر پرۆژە یاسای خانەنشینی دەدات، هاوکات داوا لەو پەرلەمانتارانە دەکات کە دەیانەوێت بە یاساى چاکسازى خانەنشین نەکرێن، پێویستە لەماوەى ٣٠ ڕۆژى بەرکاربوونى یاساکە فۆڕمى خانەنشینى پڕبکەنەوە. 

 

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردوەتەوە" ئەگەر بە دەقێکی یاسایی لە یاسایەکی تر، دەستبەرداربوون رێکخرا، ئەوا هەرکەس لەوانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە دەتوانن بەپێی ڕێوشوێنی یاسایی دەستبەرداری مافی خۆیان ببن".

 

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشیکردۆتەوە" خانەنشینبوون هەموو ئەوکەسانە دەگرێتەوە، لە عێراقدا تەمەنیان لە ٦٠ ساڵ و لە هەرێمی کوردستانیش لە ٦۳ ساڵ کەمتربێت، ئیجباری نییە، بەڵام ئەگەر تەمەنی ٤٥ ساڵیان تەواوکردبێت و ۱٥ ساڵ خزمەتیان هەبێت، لەعێراق بن یان هەرێمی کوردستان دەتوانن خانەنشین ببن، ئەگەر نەیانەوێت خانەنشین ببن، یاسا ناچاریان ناکات بەخانەنشین بوون، بەڵکو دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کاریی پێشوویان".

 

دەقی روونكردنەوەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان:

سەبارەت بە دەستبەردابوون لە مافی خانەنشینی....

 

بەپێی یاسای خانەنشینی بەركار لە عێراق كەس ناتوانێت دەستبەرداری خانەنشینیەك ببێت كە بە یاسا پێیدراوە،بەڵام:_

 
۱ـ ئەگەر بەدەقێكی یاسایی لە یاسایەكی تر ،دەستبەرداربوون ڕێكخرا،ئەوا هەركەس لەوانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە دەتوانن بەپێی ڕێوشوێنی یاسایی دەستبەرداری مافی خۆیان ببن.

 
۲ـ خانەنشین بوون بۆ هەموو ئەوانەی لەخوار تەمەنی ٦٠ ساڵن لەعێراق و خوار ٦۳ ساڵن لە هەرێم ،ئیجباری نییە،بەڵام ئەگەر تەمەنی ٤٥ ساڵیان تەواو كردو ۱٥ ساڵ خزمەتیان هەبوو،چ لە عێراق بن یان لە هەرێم دەتوانن خانەنشین ببن،ئەگەر نەیانەوێت خانەنشین ببن ،یاسا ناچاریان ناكات بە خانەنشین بوون،بەڵكو دەتوانن بگەڕێنەوە سەر كاری پێشوویان.

 
۳ـ سەبارەت بە پەرلەمانتارانی هەموو خولەكانی پەرلەمان، بە پێی بڕگەی(چوارەم)لە ماددەی(۷)ی یاسای چاكسازی،تەمەنیان هەرچەند بێت و خزمەتیان هەرچەند بێت و بڕوانامەیان هەرچی بێت،دەتوانن دەستبەرداری خانەنشینی ببن وەك پەرلەمانتار،و ئەم دەستبەرداربونە ڕێگر نیە لەوەی دواتر بە پێی یاسای خانەنشینی بەركار لە هەرێم (شارستانی یان سەربازیی)،خانەنشین ببن.

 
٤ـبۆهەر بەڕێزێك لە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم و خولەكانی تر،كە خواستیانە بەم یاسایە خانەنشین نەبن،لە ماوەیەك كە لە (۳٠)ڕۆژ لە ڕێكەوتی بەركاربوونی یاساكە تێپەڕنەكات،دەتوانن لە دیوانی پەرلەمان داوا پێشكەش بكەن...

 
٥ـ یاساكە ڕۆژی یەك شەممە ۱۹ـ۱ـ۲٠۲٠ ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت،دوای واژۆكردنی لەلایەن بەڕێز سەرۆكی هەرێم،بۆ ڕۆژنامەی فەرمی(وەقایعی كوردستان) دەنێردرێت.

 
٦ـ دوای بەركاربوونی یاساكە، دیوانی پەرلەمان بەڕاگەیەنراوێك دەستپێكردنی وادەی(۳٠) ڕۆژەكە بەشێوەی یاسایی ڕادەگەیەنێت و هەر پەرلەمانتارێك لەو (۳٠)ڕۆژەدا داوای دەستبەرداربوون پێشكەش بكات ئیتر مافی خانەنشینی نامێنێت .

 
۷ـ پێش ئەو وادە و ڕێوشوێنەی لە بڕگەی چوارەمی ماددەی (۷) باسكراوە،هەر پەرلەمانتارێك پێشتر فۆرم و داوا پێشكەش بكات،لەڕووی یاساییەوە بەهای نابێت و مافی خانەنشینبوونی هەر دەمێنێت.

رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان



PM:09:15:18/01/2020