بەرهەم ساڵح لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ترامپ جەختی لەسەر سەروەری خاکی عێراق کردەوە



بەرهەم ساڵح  سەرۆکی عێراق و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پاشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ لە داڤۆس کۆبوونەوە لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی عێراق جەختی لە  سەقامگیری و سەروەری خاكی عێراق کردەوەو بە كاری لە پێشینەی خۆیان و ئەمەریکای ناوزەد کرد.


دۆناڵد ترەمپ لەمیانی کۆبونەوەکەدا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "لەگەڵ عێراق كاری زۆر پێكەوە دەكەین، لەبواری سەربازیدا پێكەوە كاردەكەین، سەبارەت بە داعش پێكەوە كار دەكەین و بەرەوپێشچونی باش هەیە لە نێوان هەردولا".


سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆك كۆماری عێراق-ی وت، "ئێمە هاوڕێی یەكترین و دەمەوێت سوپاست بكەم".


بەرهەم ساڵح رایگەیاند، "دەرفەتێكی گرنگە و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆك ترەمپ دەكەین، بۆ قسەكردن لەسەر بەرەوپێشچونەكانی ناوچەكە، ئاڵنگارییەكی زۆر لەئێستادا هەیە، بەهیوای ئەوەین گفتوگۆكەمان بەرهەمداربێت، ئەمریكا رۆڵێكی سەرەكی بینیوە لە شەڕی داعشدا".


ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویست دەكات روبەڕوبونەوەی داعش بەردەوامی پێبدرێت و كۆتایی پێبهێنرێت، من هەمان بۆچونم هەیە كە پێویستە عێراق خاكێكی سەربەخۆ و سەقامگیری هەبێت".


پاشان سەرۆکی عێراق باسی لەوەکرد، "بەرژەوەندی هاوبەشی زۆرمان هەیە لەگەڵ ئەمریكا، روبەڕوبونەوەی داعش، سەقامگیری و سەروەری خاكی عێراق كاری لە پێشینەمانە".

 
ترەمپ جارێكی دیكە تەئكیدیكردەوە، "زۆر بابەت هەیە دەبێت قسەی لەسەر بكەین بەناوی ئیدارەی خۆمەوە دەتوانم بڵێم پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق زۆر باشە، ئێستا ژمارەی سەربازەكانمان بۆ پێنج هەزار سەرباز لە عێراق كەمبوەتەوە كە ژمارەیەكی مێژویی زۆر كەمە".


سەبارەت بە بازرگانییەكانی نەوت ترەمپ وتی، "بابەتی بازرگانی نەوت یەكێكە لە كارە گرنگەكان، هەم بۆ عێراق گرنگە هەم بۆ ئەمریكا، لەبەر ئەوە زۆر بابەتی ئەرێنی هەیە كە قسەی لەسەر بكەین".

 


PM:03:09:22/01/2020