مەلا هەڵۆ: ئەوەی لە پەیجەکەم بڵاوکراوەتەوە من نەمکردووە، بەڵام من نەمهێشت داوای لێبوردن بکات

مەلا هەڵۆ حەمەرەشید رایگەیاند" ئەو نووسینەی من لەسەر ئەو کەسانەی رێگا بە کچەکەی یان ژنەکەی دەدات بە سفوری بچێتە دەرەوە گەوادە، من نەمکردووەو ئەدمینێک پۆستی کردووە".

 

مەلا هەڵٶ حەمە رەشید لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن ئارتی، لەسەر ئەو قسانەی لە پەیجەکەی کردوونی، وتی " من نەمکردووە، ئەدمێنێکم کردوویەتی، ویستوویەتی داوای لێبوردن بکات، بەلآم من نەمهێشتووە".

 

لە وەلآمی پرسیارێکی رۆژنامەنووسەکەدا دەربارەی بەکار‌هێنانی وشەی " گەواد " کە ئایا بڕاوی وایە کە کەسوکاری ئەوانەی سفورن " گەوادن "، مەلا هەڵۆ وتی " دەکرێت ناوببرێن تووک نەرم، بەلآم ئەو ئافرەتانەی لەشفرۆشی دەکەن و کەسوکارەکەیان ئاگایان لێییە ئەوانە گەوادن".

 

مەلا هەڵۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لەم شارەدا " لەشفرۆشی " بەیاسا رێگا پێدراوە، وتیشی " لەشفرۆش هەیە لەبەردەم پەنجەرەدا دانیشتووەو نێرگەلە دەكێشن و وا دەکەن بچنە ژوورەوە".

 

لە کۆتایی بەرنامەکەدا وتی " ئەوا من لە بری ئەدمینەکە داوای لێبوردن دەکەم ".

 

رۆژی ٢١ی کانوونی دووم مەلا هەڵۆ حەمە رەشید لە ئەکاوتنتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی: "ئەزانن گەواد کێیە؟!"، هەر خۆی وەڵام دەداتەوەو دەڵێت " گەواد ئەو کەسەیە کە ڕێگە ئەیات کە کچەکەی، یان ژنەکەی بە سفوری لەماڵ بچێتە دەرەوە و بەلاشیەوە ئاساییە!".



PM:07:42:23/01/2020