سەدریەکان‌و کوتلە شیعەکانی سەر بەئێران سبەی خۆپیشاندانێکی گەورە دژی ئەمەریکا دەکەن

سەدریەکان بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدرو کوتلە شیعەکانی سەر بە ئێران زیاتر لە دوو هەفتەیەدا کار بۆ خۆپیشاندانێکی گەورە لە بەغدا دەکەن لە پێناو دەرکردنی هێزە سەربازیەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

ماوەی دوو هەفتەیە فراکسیۆنە شیعەکان خۆیان سازدەکەن و سوود لە توانا حکومیەکان وەردەگرن بۆ گواستنەوەی زۆرترین ژمارەی لایەنگرانیان بۆ بەغداو خۆپیشاندان دژی هێزەکانی ئەمەریکاو هەوڵدان بۆ دەرکردنیان لە عێراق و، سبەی هەینی خۆپیشاندانەکە لە مەیدانی جادریە دەستپێدەکات.

 

وەک بڕیارە هیچ سەرکردەیەکی حەشەد بەشداری نەکات، هەروەها بە چەکەوە کەس بەشداری نەکات.

 

ژمارەیەک لەو دروشمانەی سبەی لە خۆپیشاندانەکەدا بەرزی دەکەنەوە: نا بۆ داگیرکاری.. نا بۆ دەستێوەران.. نا بۆ ئەمیان و ئەویشیان..بەڵێ بۆ هاوکاری.

زۆرێک لە چاودێران خۆپیشاندانی سبەی شیعەکان بە مەترسی بۆ سەر دۆخی ئەمنی و بۆسەر خۆپیشاندانی مەیدانی تەحریر ناوزەد دەکەن، لەلایەکەوە مەترسی ئەوە هەیە کە خۆپیشاندەران بچنەوە ناوچەی سەوز و هێرشبکەنە سەر باڵویزخانەی ئەمەریکا، ئەوە لە کاتێکدایە باڵوێزخانە هۆشداری دەدات بە خۆپیشاندەران کە نزیکنەبنەوە لە بینای باڵوێزخانە.

هەروەها مەترسی خۆپیشاندانی بەیانی بۆ سەر خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریر لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەرکە سەرەکییەکان مەیدانی تەحریر لە خۆپیشاندانی دژی گەندەڵی و نا دادوەریەوە بگۆڕدرێت بۆ پرسی سەرورەی و دەرکردنی هێزە بیانییەکان، وەک چاودیران ئاماژەی بۆ دەکەن.

 


PM:11:25:23/01/2020