مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگری عێراق کرد

ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نەجاح ئەلشەمەری، وەزیری بەرگری عێراق کرد.

 

بەپێی زانیارییەکان، لە دیدارەکەدا دوا پەرەسەندن و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق تاوتوێ کران، جەخت لە سەر گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە کرایەوە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم.

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا" کە تیرۆریستانی داعش ئێستا لە چەند ناوچەیەکی عێراق بوونەتە مایەی هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر دانیشتووان و پێویستە هەماهەنگییەکی باشتر لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا هەبێت و بە شێوەیەکی هاوبەش رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببنەوە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم".

 

وەزیری بەرگری عێراقیش  وێڕای ستایشکردنی هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق کە رۆڵێکی کاریگەری لە تێکشکاندنی داعشدا هەبووە ، ئامادەییشی بۆ هەماهەنگی زیاتر لەو بوارەدا دەربڕی.



PM:02:31:25/01/2020