٤ کوژراو ٢٨ بریندار هەیە
هێزە ئەمنییەکان دەیانەوێت کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن

ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی کانوونی دووەم مەیدانی خۆپیشاندانەکان کۆنترۆڵکردن و هەڵهاتنی زۆریان بەخۆوە بینی، لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران ٤ خۆپیشاندەر کوژران و ٢٨ی دی برینداربوون.

 
سەرچاوە ئەمنی و تەندروستیەکان ئاشکرایان کرد ئەمڕۆ چوار کەس کوژراون سیانیان لە زیقار و چوارەمیان لە بەغدا، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەی هێزە ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی مەیدانی خۆپیشاندانەکان لە شەوی رابردووەوە دەستیان پێکردووە.

 
نوویسنگەی مافی مرۆڤی پارێزگای زیقاریش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەمڕۆ ٣ کوژراو ١٧ بریندار لە پارێزگاکەیاندا هەیە.

 
لەلایەکی ترەوە میدیا عێراقییەکان و عەرەبییەکان باس لە برینداربوونی ٢٨ خۆپیشاندەر دەکەن لە بەغدا، ئەوە لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجان رژانە مەیدانی خۆپیشاندانەکان.

 
لەلایەکی ترەوە لیژنەی هەماهەنگی خۆپیشاندەران جەختیان  لەسەر مانەوەیان لە مەیدانی خۆپیشاندەران و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان کردەوە.

 
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک زانیاری سیاسی و ئەمنی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە حکومەت و میلیشیاکان هێزێکی زۆریان کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەمشەو بەتەواوی کۆنترۆڵی مەیدانی خۆپیشاندانەکان بکەن بە مەیدانی تەحریریشەوە.




PM:08:50:25/01/2020