پۆلیسى سلێمانى دوو ئۆتۆمبێل و دوو تۆمه‌تبارى ده‌ستگیركرد



پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی دوو تۆمەتبار لەسەر دزینی دوو ئۆتۆمبێل لە نێو شاری سلێمانی رادەگەیه‌نێت، کە یەکێکیان لە پارێزگای بابلەوە هێنراوەتە سلێمانی و ئەوەی دیکەیان لە نێو سلێمانی لە خاوەنەکی ستێندراوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری‌ بەشی‌ راگەیاندن‌ و پەیوەندییەکانی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لەکۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"رۆژی 2-1-2020 لەلایەن پۆلیسی بابل لەسەر دزینی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری لاندگرۆز ئاگادارکراینەوە، ئەوان گومانیان هەبوو، کە ئەو ئۆتۆمبێلە بەرەو هەولێر یان سلێمانی بردرابێت".

وتیشی" هێزەکانی ئێمەش لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و فریاکەوتن دەستیان بە بەدواداچوون کرد لەسەر دزرانی ئەو ئۆتۆمبێلە، ئەوەبوو لە 25ی مانگ ئەو ئۆتۆمبێلە لە یەکێک لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە شاری سلێمانی دۆزرایەوە. پۆلیسی نەهێشتنی تاوان توانیان دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکە و ئەو کەسەدا بگرن کە شۆفێربووە، ئەو کەسەش بە بڕیاری دادوەر بەندە".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌" دیارە ئەو ئۆتۆمبێلە لەلایەن کەسێکی عەرەبەوە لەو شارە دزراوەو هێنراوەتە شاری سلێمانی و لێرە فرۆشراوە، ئێستا رێککارە یاساییەکان کراوە، خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە کە کەسێکی عەرەبە سکاڵای خستووەتە بەردەم دادوەر بۆ وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی".

سەرکەوت ئەحمەد سەبارەت بە حاڵەتێکی دیکەی دزیکردنی ئۆتۆمبێل وتی" ئۆتۆمبێلی دووەم لە رۆژی 24ی مانگ لە نزیک یانەی موهەندسین لە خاوەنەکەی دزراوە، بە زۆر لە ئۆتۆمبێلەکە دایان بەزاندووە و ئۆتۆمبێلەکەیان لێسەندووەو بردوویانە، دوای ئەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلەکە پەیوەندی بە پۆلیسی فریاکەوتن و نەهێشتنی تاوانەوە کردووە، توانرا لە ماوەی چەند کاژێرێکدا ئەو ئۆتۆمبێلە و ئەو کەسەشی کە دزیوەیەتی دەستگیر بکرێت و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیان بەردەوامە".

 

 



PM:08:04:26/01/2020