پارێزگاری هەولێر: 20% كارەبای هەولێر دەدزرێت

پارێزگاری هەولێر وادەی بۆ بڕینی کارەبای زیادەڕۆیی و دانانی موەلیدەی بێدەنگ دیارکرد، راشیگه‌یاند" تا سەرەتای مانگی داهاتوو دەرفەت بۆ زێدەڕۆکەرەکان هەیە بە رێکاری یاسایی کارەبا رابکێشن و زیاده‌رۆكانیان لابه‌رن".

 

فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانیدا ڕایگەیاند" لە 2ی شوبات دەستدەکەن بە بڕینی زیادەڕۆییەکانی سەر کارەبا، بۆ ئەو مەبەستەش قسەیان لەگەڵ هەموو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان کردووە و لەو ڕێوشوێنانەی دەیگرنە بەر چاوپۆشی لەکەس ناکەن".

 

پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەروو: ئێستا 20% كارەبای هەولێر دەدزرێت، بڕینی کارەبای زیادەڕۆ هەموو شوێنێک دەگرێتەوە و لەسەرەتاشدا لە خەڵکانی دەستڕۆشتووەوە دەستپێدەکەن.

 

راشیگەیاند" پرۆسەی بەستنی پێوەری كارەبا لە هەولێر بەردەوامە، بەتایبەتی لەو یەكە نیشتەجێبوانەی كە پێشتر رێگەیان پێنەدراوە، بۆ بڕینی كارەبای زێدەڕۆش لەو شوێنانە دەست پێدەكەین ئەوانەی لە كۆمەڵگەی پێیان دەگوترێت دەستڕۆیشتوون".

 
 



PM:02:12:27/01/2020