سەرۆکی هەرێم هێرشی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریکا مەحکوم دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەو هێرشە مووشەکیەی کە شەوی رابردوو کرایە سەر باڵویزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا مەحکوم دەکات.


دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:



ئیدانەی ئەو هێرشە مووشەکییە دەکەین کە شەوی رابردوو باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە بەغدا کردە ئامانج. ئەم کردەوانە مەترسیی راستەقینە لەسەر دۆخ و سەقامگیری و بەرژەوەندییەکانی عێراق دروست دەکەن، دووبارەبوونەوە و بەردەوامیشیان، لێکەوتە و ئەنجامی خراپیان بۆ سەر وڵات دەبێت.


پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان ئەرکی لایەنە بەرپرسەکانە و نابێ ڕێگە بدرێت یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکرێن و دیپلۆماتکاران و نێردە دیپلۆماتییەکان بکرێنە ئامانج. 
دووپاتی دەکەینەوە کە نابێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.


نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان


AM:12:43:28/01/2020