پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 7 مانگ بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی
پەرلەمانی كوردستان، تا ئێستا كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێك
نەهاتوە.
ئا: سپی میدیا
لەچەند مانگی رابردوودشدا كێشەو ناكۆكییەكانی دابەشكردنی پۆستو
وەزارەتەكان لەنێوان لایەنە براوەكان، بەتایبەتی لەنێوان پارتیو گۆڕانو
یەكێتی هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێ بوون، لەئێستاشدا كە چاوەڕێ
دەكرا پێش هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقو ئەنجومەنی
پارێزگاكان كابینەی نوێ رابگەیەنرایە، كۆماری ئیسلامی بووەتە هۆكار بۆ
دواخستنی حكومەتو بەرپرسانی ئەمنی هێزی قودسی سوپای پاسداران هەوڵەكانیان
خستوتە گەڕ تا پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكابینەی نوێ زیاتر بكەن.
رێكەوتنی رێژەیی لایەنە براوەكانی هەرێم
پاش
چەندین كۆبوونەوەی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی
كوردستان، سەرەنجام كۆبوونەوەكانی وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكرات بەجیا
لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی كە بەجیاجیا لە رۆژی 7ی نیسان
لەماڵەكەی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو ئەنجامی پۆزەتیڤی لێكەوتەوە.
لەو
كۆبوونەوانەدا وەفدی پارتی پێشنیارەكانی خۆی سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی
نوێی حكومەت ئاراستەی گۆڕانو یەكێتی كردو گۆڕانیش لای خۆیەوە ئەمەی بە
پۆزەتیڤ ناولێبرد.
بەپێی زانیاریەكانی سپی میدیا پارتی پێشنیاری كردوە كە جێگری سەرۆكی
هەرێم لای یەكێتی بمێنێتەوە، هەروەها جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیری
پلاندانان، وەزیری ئاوەدانكردنەوەو چەند وەزارەتێكی خزمەتگوزاری دیكە
بدرێت بە یەكێتی.
سپی زانیویەتی پارتی پێشنیاری ئەوەشی كردوە برێكارێكی
وەزارەتی ناوخۆ كە ئێستا دو بریكاری هەیە بدرێت بە یەكێتیو ئەویتریان بۆ
گۆڕان بێت.
پاش كۆبوونەوەی شاندی پارتیو یەكێتی، ئاماژەكان نیشانیاندا
كە یەكێتی بە پێشنیارەكانی پارتی رازی نیەو رۆژی دواتر شاندەكەی یەكێتی
سەردانی مەسعود بارزانیان كرد تا بتوانن پشكی زیاتر وەرگرن، بەڵام بە پێی
زانیارییەكان بارزانی لەو بارەیەوە هیچ بەڵێنێكی بەیەكێتی نەداوە.
هاوكات
پارتی پێشنیازی وەرگرتنی وەزارەتی پێشمەرگەو دارایی بە گۆڕان دەكات كە
وەزارەتی پێشمەرگەش هیچ بریكارێكی نابێت. ئەمەش لەكاتێكدایە كە سەرۆكی
پەرلەمانو یەكێك لە بریكارەكانی وەزارەتی ناوخۆو بەرپرسی دەزگای
وەبەرهێنان دەدرێن بە گۆڕان. سەرچاوەكەی سپی جەختی لەسەر ئەوە كردوە كە
هەندێ وردەكاریی كەمو ناوهێنانی پۆستەكان ماون كە پارتی و گۆڕان لەسەری
رێكەون.
ناوبژیوانی "باوكانە"ی ئێران بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ
لەم
نێوەندا كە لایەنەكان سەرقاڵی دابەشكردنی پۆستەكانن، دراوسێ دێرینەكەی
هەرێمی كوردستانو عێراق بە وردی لەرووداوەكان دەڕوانێت. كۆماری ئیسلامی
ئێران كە لەزۆربەی پرسەكانی عێراقو هەرێمی بە ئاشكراو نهێنی دەستی هەیە،
ئەمجارەش لە پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، راستەوخۆ بەشداری دەكاتو هەوڵ
بۆ قەناعەت پێهێنانی لایەنەكان دەكات. بەڵام ئەمجارەیانو لەدوا سەردانیان
بۆ هەرێمی كوردستان، بە پێی زانیارییەكانی سپی میدیا هەوڵەكانی ئێران بۆ
زۆرتركردنی پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی
كوردستاندا.
بەپێی زانیارییەكان رۆژی 14ی نیسان، وەفدێكی ئێرانی كە لە هەریەك لە:
سەردار مەسجدی، راوێژكاری باڵای قاسم سلێمانی فەرماندەی هێزی قودسی ئێرانی و
محەممەد جەعفەر سەحرارودی پێكهاتوون لە سەردانێكی رانەگەیەندراودا گەیشتنە
هەرێمی كوردستانو كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان،
بزووتنەوەی گۆڕان وپارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی
هەشتەم دەستپێكردوە.
بەپێی زانیارییەكانی سپی میدیا، سەردار مەسجدی و سەحرارودی، راوێژكاری
باڵای سوپای قودس، رۆژی دووشەممە سەردانی شاری سلێمانی كردووەو لەگەڵ
یەكێتی كۆبووەتەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا یەكێتی داوای لێكردووە كە گوشار
بخاتە سەر بزووتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر مەسەلەی
پشكەكەیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەت لە مەسەلەی وەزارەتی
پێشمەرگە كە بەدەست یەكێتییەوە بێت.
دوای ئەوە سەردار مەسجدی و محەمەد
جەعفەر سەحرارودی سەردانی هەولێریان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموكراتی
كوردستاندا كۆبوونەتەوە . سەرەتا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت و
جێگری سەرۆكی پارتی كۆبوونەتەوە ، نیوەڕۆی سێشەممەش لەگەڵ مەسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە.
كۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ لایەنە سەرەكییەكانی
كوردستان، بەتایبەتی یەكێتی دا هەیە، پێشبینی دەكرێت سەردانی ئەمجارەشیان
بۆ ئەوە بێت كە پارسەنگی یەكێتی لە ناو كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمدا
قورستر بكەنو داوا لەلایەنەكان بەتایبەتی پارتی بكەن، كە پۆستی گرنگ بدات
بەیەكێتی.
ماڵپەڕی حكومی "فارس"ی ئێران لەراپۆرتێكدا لەسەر دەورونەقشی ئێران لە
پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەنوسێت "دواكەوتنی
پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم نەك تەنها نیگەرانی بۆ خەڵكی هەرێم
دروست كردوە، بەڵكو نیگەرانی لەنێوان دراوسێكانی بەتایبەتی بۆ كۆماری
ئیسلامی دروستكردوە، چونكە تێكچوونی دۆخی ئەمنی ئەم ناوچەیە، لەكاتێكدا كە
مەترسی توندڕەوی تەكفیری هەڕەشە لەناوچەكە دەكات، دەتوانێت ببێتە تێكچوونی
دۆخی ئەمنیو ئابوریی ناوچەكە".
راپۆرتەكەی "فارس" دەنوسێت: بەپێی
سیاسەتی كۆماری ئیسلامی بۆ پەیوەندی لەگەڵ دراوسێكان، ناوچەیەك وەك هەرێمی
كوردستانی عێراق لە ئەولەویەتی كاری ئێرانەو گروپە سیاسیەكانی كوردی عێراق
دڵخوازانە خوازیاری دەورونەقشی باوكانەی ئێرانن بۆ دەرچوون لەم قەیرانە".
ئەمەش لەكاتێكدایە كە وەفدی كۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی قسەی چاودێران
بوونەتە میوانێكی هەمیشەیی هەرێمو دەستوەردەدەن لەبچوكترینو گەورەترین
كێشەی لە كوردستانو "هیچ مانایەكیان بەسەروەریی هەرێمو بڕیاری سیاسی
سەربەخۆی لایەنە سیاسییەكان نەهێشتۆتەوە".