سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی " بۆگدانۆف "وە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر سەردانەکەی میخایل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم بڵاوکردەوە.  

 

دەقی راگەیاندراوەکە:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی لە دەستبەکاربوونی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی تازەی ڕووسیا، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی پەیوەندییەکانی لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ ڕووسیا دووپات کردەوە و دەستخۆشی لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی لە کەرتی وزەدا لە هەرێمی کوردستان کرد.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 29/1/2020 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریکا جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و باڵیۆزی ڕووسیای لە بەغدا و کونسولی گشتیی لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک دیپلۆماتکار و بەرپرسانی کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی پێکهاتبوون.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەڕێزان جێگرانی سەرۆکی هەرێم و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بەڕێز بۆگدانۆف سڵاو و ڕێزی بەڕێزان سەرۆک ڤلادیمیر پوتین و سەرۆک وەزیرانی ڕووسیای گەیاندە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ستایشی ڕۆڵی بەڕێزیان و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانی کرد.

هەردوولا دۆخی عێراقیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و نەبوونی عێراق بە گۆڕەپانی کێشە و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کردەوە، هەروەها تیشکیان خستە سەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، کێشەکانی هەولێر ــ بەغدا و گرنگیی هەماهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.

دۆخی سووریا و هەبوونی هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسی کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەی سووریا و ڕۆڵی ڕووسیا لەو وڵاتە، بەردەوامیی مەترسییەکانی تیرۆر و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی، پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوایین پێشهاتەکانی کێشەی فەلەستین ــ ئیسرائیل، دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی مایەی بایەخی هەردوولا، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.



ئه‌م بابه‌ته ‌982 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:53:29/01/2020