رەوان ئیدریس بارزانی: لەم رۆژە سەختەدا پێویستم پێتە باوکە

بەبۆنەی کۆچی دوایی ٣٣ ساڵەی ئیدریس بارزانی، رەوان بارزانی کوڕی پەیامێکی بۆ دەنێرێت و ئەم ڕۆژە بە ڕۆژێکی سەخت ناو دەبات. 

 

رەوان ئیدریس بارزانی، برای نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یادی كۆچی دوایی باوكیدا لە پەیجی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" باوکە گیان بێ تۆییمان پێوە دیارە، شەش ساڵان بووم کەجێتھێشتم، بەڵام ٣٣ ساڵە خەمی ئۆغرت لەدڵمدایەو دەمێنێتەوە، ھەر کە دڵم تەنگ دەبێت لە وێنەکانت دەڕوانم، تێر تێر لەگەڵت دەدوێم".

 

لە بەشێکی تری نوسینەکەیدا ڕەوانی کوڕی دەشڵێت" دڵنیام ئاگات لە ئێش و ئازارەکانمە، پر بەدڵ بیرت دەکەم، پێویستم پێتە لەم ژینە سەختەدا ھاوکارم بیت".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە" باوکە گیان ھەرچەندە دووریت تەنگی پێ هەڵچنیوم ، بەڵام دڵنیام ڕۆژێک دێت پێت شاد دەبمەوە، چونکە سرووشتی ژین وەهایە...!".

 

ڕاشیگەیاند" باوکە گیان ئەگەر چی لەناومان نیت، بەڵام تۆ بۆ ھەمیشە لەناو دڵی ھەزەرەھا تێکۆشەرو خەڵکی بەئەمەک ھەر زیندووی".

 

وتیشی" لێرەوە ھاوخەمی خۆم بۆ ئەوکەسانە دەردەبڕم کەلەسۆزی باوک بێ بەشن ، چونکە من باش دەزانم ئازاری بێ باوکی چۆنە".

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا ڕەوان ئیدریس بارزانی دەڵێت" ھەموو کات خۆشمویستی و خۆشم دەوێیت . رەوانت شـاد بــاوكـه‌ گیان".

 

ئیدریس کوڕی گەورەی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی 1944 لە گوندی بارزان لە دایکبوو، باوکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دلۆڤان بارزانی ( لە رۆژی 2-4-2018 بە جەڵتەی دڵ كۆچی دواییكرد) و رەوان بارزانی بوو. 

 

ئیدریس بارزانی رۆژی 31ی کانوونی دووەمی 1987 لە شارۆچکەی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێی رۆژھەڵاتی کوردستان کۆچی دواییکرد و لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە تەنیشتی مستەفا بارزانی باوکی بەخاک سپێردرا. دوای راپەڕینی ساڵی 1991 تەرمی مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان و لە بارزان بەخاک سپێردران.

 
 


PM:10:08:30/01/2020