لەبەغدا ١٤ هاوڵاتی گەڕاوە لە چینەوە دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشکیەوە

پارێزگاری بەغدا محەمەد عەتا رایگەیاند لە بەغدا هیچ حاڵەتیکی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە، ١٤ هاوڵاتی عێراقیش لە چین گەڕانەتەوەو لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لەبەغدا خراونەتە ژێر چاودێری پزیشکیەوە.


لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە ئەمشەو ٤ی شوبات لە بەغدا سازیکرد، محمەد عەتا پارێزگاری بەغدا رایگەیاند" نە لەبەری کەرخ نە لەبەری رەسافە، هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە".


پارێزگاری بەغدا وتیشی " ١٤ کەس کە لەوڵاتی چینەوە هاتوونەتەوە لە نەخۆشخانەی فورات لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا جیاکراونەتەوەو لەژێر چاودێری پزیشکدان".


محەمەد عەتا وتی "رێوشوێنی تەندروستی گیراوەتە بەر بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و هەوڵدان بۆ دورگرتنی عێراق لەم نەخۆشیە".

 

 
نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەپێی راپۆرتی پزیشەکەکان لە ماوەی ١٤ رۆژدا گەشەدەکات و لەکەسی نەخۆشدا دەردەکەوێت.

 


PM:09:24:04/02/2020