بەڵگەی تاوانەکان گومان لەکوشتنی ئامانج بابانی دەکات.. جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە لەدەرەوەی ئۆتۆمبیلەکەوە تەقەنەکراوە

بەڕێوەبەری بەڵگەکانی تاوان لە هەرێمی کوردستان داوا دەکات، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی سەرلەنوێ بکرێتەوە و ئاشکرای کرد کە گومان لە ڕووداوی کوژرانیان هەیە، لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسێکدا کە ئایا هیچ تەقەیەک لەدەرەوەی ئۆتۆمبیلەکە کراوە، ئەو رەتیکردەوە کە تەقە لەدەرەوەی ئۆتۆمبیلەکە بۆ ناوەوەی کرابێت.

 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، جەبار ئەحمەد، بەڕیوەبەری بەڵگەکانی تاوان لە هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد گومان لە ڕووداوی کوژرانی ئامانج بابانی هەیە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی سلێمانی پەلەیان کردووە لە بڕیارەکەیان بە داخستنی دۆسیەکەو وتیشی" ١١ قەوان لەناو ئۆتۆمبیلەکەدا هەبووە ٧ ی تیان تۆما کراوە، ٤ قەوانیان لە ڕووداوەکەدا دیار نین و گومانیان لەسەر هەیە، بۆیە ”دەبووایە داواکاری گشتی تانە لە بڕیارەکانی تایبەت بە کەیسی کوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی بدەن“.

 
بەڕێوەبەری بەڵگەکانی تاوان لە هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەست بە لێکۆڵینەوەکان بکرێتەوە“.

 
شەوی١٦ی تشیرینی یەکەمی ٢٠١٩ ئامانج بابانی و هاوسەرو منالەکەی لەنزیک نەقڵیاتی شارەزوور لە بشوری رۆژهەڵاتی سلێمانی لەناو ئۆتۆمبیلەکەیاندا کوژران، لێکۆڵینەوەی پۆلیس و دادگای سلێمانی بە کارێكی خۆکوژی ناوزەد کرد کە ئامانج بابانی ژن و مناڵەکەی کووشتبیت، دواتریش خۆی کووشتبیت و دۆسیەکە لەدادگا داخرا. 




PM:12:01:06/02/2020