لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمان سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد

لیژنەی سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی كێڵگەی غازی كۆرمۆری لە شارۆچكەی چەمچەماڵ كرد و لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان هەریەكە لە كاروان گەزنەیی و عەلی حەمە ساڵح رایانگەیاند" کە ئەوەی رویداوە پەیوەندی بە دانا غازەوە نیە، بەڵكو پەیوەندی بە لایەنی ئەمنیەوە هەیە كە لە رێگا تەقە لە ئۆتۆمبیلەكان دەكرێت".

 

عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لیژنەكە ڕایگەیاند" هیچ رێگریەك بۆ رۆیشتنی غاز لەو كێڵگەیەوە نەماوەو لەگەڵ پارێزگارەكانیش لەپەیوەندیداین بۆ باشتر دابەشكردنی غازی ماڵان و قەیرانی غاز كۆتای دێت".

 

سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان وتیشی" ئەوەی رویداوە پەیوەندی بە دانا غازەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە لایەنی ئەمنیەوە هەیە کە لە رێگا تەقە لە ئۆتۆمبیلەکان دەکرێت".

 

ئاشکراشیکرد: تا ئێستا ٢٢ ئۆتۆمبیل تەقەی لێکراوە.

 

هاوكات پێشەوا هەورامانی ئەندامی لیژنەی وزەو وسامانە سروشتیه‌كانی پەرلەمانی كوردستان وتی"كۆمپانیاكە لەگەڵ حكومەت هیچ كێشەیەكی نییە و رێكەوتن كراوە، هەموو هەوڵێكی ئێمەش بۆ ئەوەیە رێگری لە گگرانبوونی غازی ماڵان بكەین و كۆتایی بەقەیرانە كە بێت".

 

هەر لە کۆنگرەکەدا کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری یەکێتی و ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتیەکان ئاماژەی بەوەکرد" نازانین کێ تەقەی کردوە،بەڵام نابێت خەڵکی بەرژەوەندی خواز تەقە بکات و بیخانە سەر لایەنێکی دیاریکراو".

 

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاشکراشیکرد، چەند رۆژێکە رێگری لە بارکردنی غاز نەکراوە و دڵنیای خەڵک دەکەینەوە هەموو رێگرییەکان لادەبەین و کێشەکە چارەسەردەکەین.

 

ئەمە لەكاتێكدایە، چه‌ند رۆژێكه‌ كێشه‌ی كه‌می غاز و گرانی نرخه‌كه‌ی له‌ شاری هه‌ولێر و دهۆک سه‌ریهه‌ڵداوه‌و شەوی رابردووش لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە لەسنوری گوندی خەلەكان تەقە لە تەنكەرەكانی گواستنەوەی غاز كراوە.

 
 
 

 




PM:03:25:06/02/2020