دابەزینی ئاستی بەکاربردنی نەوت لەلایەن چینەوە کاریگەری خراپ دەکاتە سەر ئابوری عێراق




دوای هیندستان، وڵاتی چین دووەم کڕیاری نەوتی عێراقە، دابەزینی بەکارهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتی چینەوە کە یەک ملیۆن بەرمیل رۆژانە کەمی کردووە، کاریگەری خراپ دەکاتە سەر ئابوری عێراق.

 
د. نەبیل ئەلمەرسومی، پسپۆری بواری ئابوری عێراقی لە توێژێنەوەیەکدا گەیشتۆتە ئەو زانیاریەی بەردەوامی کۆرۆنا لە وڵاتی چین و داڕمانی ئابوری ئەو وڵاتە زەرەری ئابوری گەورە بە عێراق دەگەیەنێت، چونکە عێراق دووەم فرۆشیاری نەوتە بە وڵاتی چین. 

 

 
ئەو توێژەرە باس لەوە دەکات وڵاتی چین کە رۆژانە ١٠ ملیۆن و ٧٨٠ هەزار بەرمیل نەوت دەکڕێت، بڕی ١ ملیۆن و ٣٢٠ هەزار بەرمیل لە عێراق دەکڕێت کە بڕەکەی لە ساڵی ٢٠١٩ دا بای ٢٢ ملیار دۆلار بووە، بەمەش ئەگەر ئاستی بەکارهێنانی نەوت لەلایەن چینەوە دابەزێت بەڕێژەیەکی بەرچاو ئەوە عێراق زەرەری گەورە دەکات.


لە ئێستادا وڵاتی چین بەهۆی نەخۆشی "کۆرۆنا"وە ئاستی کڕینی نەوتی رۆژانە ١ملیۆن بەرمیل داگرتووە، بەمەش کاریگەری خراپ دەکاتە سەر بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق، ئەمە جگە لەوەی کە بەهۆی ئەو قەیرانەوە نرخی نەوت لە ٦٤ دۆلارەوە دابەزیووە بۆ ٥٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکی نەوتی برنت.

 
د. نەبیل ئەلمەرسومی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو گۆڕانکارییەی ئابوریەی کە بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە هاتۆتە ئاراوە کاریگەری خراپ لەسەر ئابوری نەوتی عێراق جێدەهێڵێت کە لە ٩٢% پشتی بەو سەرچاوەیە بەستووەو، بەپێی خەمڵاندنی نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە پرۆژە بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دا بە ٥٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دانراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە عێراق خۆی کورتیەکی بودجەی گەورەی هەیە بە بڕی ٤٨ ترلیۆن دینار. 

 


PM:05:08:07/02/2020