لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی بەغداد ١٠ كەس بوونە قووربانی

ئەمڕۆ هەینی بەهۆی شەڕوئاڵۆزی نێوان خۆپیشاندەران وهێزە ئەمنییەكان لە بەغدای پایتەخت ١٠ كەس برینداربوون.

 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق،  ئەمڕۆ لە بەغداد و پارێزگاكانی دیكەی ناوەڕاست و باشووری عێراق خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی كاندیدكردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، هەروەها ئیدانەی بەكارهێنانی توندوتیژیییان كرد لە لایەن هێزەكانی سەرایا سەلام سەربە سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر دژی خۆپیشاندەران.

میدیاکانی عێراق باس لەوەدەکەن، خۆپیشاندان و ناڕەزای لە بەشێك لە شارەكانی عێراق بەردەوامە و ئەمڕۆ لە شاری بەغداد گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دروستبوو، بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەوە ١٠ كەس برینداربون.

هاوکات بەپێی زانیاری چەند سەرچاوەیەك، رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان لە گۆڕەپانی وەسبە ناوەڕاستی بەغدا روویداوە و هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی كە بە بەرد و مۆڵۆتۆف رووبەڕوویان دەبوونەوە، تەقەیان بە ئاسماندا كرد و بۆمبی گازی فرمێكسڕێژیان بەكارهێناوە.
لە رۆژی چوارشەممەوە تا ئێستا ١١ خۆپیشاندەر لە شاری نەجەف كوژران و ١٢٢ی دیكە برینداربوون.

 



PM:08:40:07/02/2020