" سپی " زانیاری لەسەر کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی یەکێتی بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ ٨ی شوبات ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی یەکێتی کۆبوونەوەو سیستمەی هاوسەرۆکیان پەسەند کرد. " سپی " زانیاری لەسەر ئەو کەسانەی سەرکردایەتی یەکێتی بڵاودەکاتەوە کە ئەگەری زۆرە ببنە هاوسەرۆکی یەکێتی.

 

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممەی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی دا وەک مستەفا چاوڕەش دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند" سیستەمی هاوسەرۆکیان پەسەند کردووە، بەلآم لەسەر ژمارەکەی رێکنەکەوتوون".

 

بەپێی زانیاریەکانی " سپی " ئەگەر زۆرە هاوسەرۆکیەکەی یەکێتی لە دوو کەس پێکبێت، ئەو دوو کەسەی بەهێزیشن بۆ ئەو پۆستە هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و لاهوری شێخ جەنگییە.

 

دەرکەوتنی ئەو دوو کەسایەتییە بنەماڵەی تاڵەبانی کە ئێستا وەک یەک دەستەو باڵ دەردەکەون، دوای خۆ یەکلاییکردنەوەی بەرهەم ساڵح دێت، کە بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە لە کۆبوونەوەی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی دا بەرهەم ساڵح سیستەمی هاوسەرۆکی رەتکردۆتەوەو ئاماژەی بۆ ئەوە کردەوە کە ئەو دەمەی گەڕاوەتەوە نێو یەکێتی بەڵێنی پێدراوە کە بکرێتە کەسی یەکەم، کە ئێستا پابەند نابن بەو رێککەوتنەوە، ئەوا ئەم سیستەمی هاوسەرۆکی قبوڵ ناکات، بەلآم لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەو کێشەیان بۆ دروستناکات.

 

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی یەکێتی دا بڕیاری لەسەر سیستەمی هاوسەرۆکی درا، بەلآم ژمارەکەی دیاری نەکراوە، بەپێی ئەو زانیاریانە ئەگەر دوو کەس بێت، لاهوری شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی دەبێت، ئەگەر زیاتر لەدوو هاوسەرۆک بێت ئەگەرێکی بەهێزە کە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد یەکێک بێت لە هاوسەرۆکەکان.

 

" سپی " زانیوویەتی لەو کۆبوونەوانەی رابردوودا بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشەوە، هەریەک لە رەفعەت عەبدولآ، ئاسۆ ئەڵمانی، عیماد ئەحمەد، مەحمود سەنگاوی، عەدنانی حەمەی مینە، شاڵاو کۆسرەت و دەرباز کۆسرەت بەشداری کۆبوونەوەکانیان نەکردووە.

 

لە کاتێکدا لە نێو ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی یەکێتی ئەم کێشانە قووڵ دەبێتەوە، لەلایەکی ترەوە کێشەیەکی گەورەتر چاوەڕوانی یەکێتی دەکات، ئەویش کێشەی نێوان دەسەڵاتەکانی ئەم دەستەیەی یەکێتی و ئەنجومەنی بالآی سیاسی یەکێتی یە کە کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکایەتی دەکات.

 

بەپێی بۆچوونی چاودێران لە رۆژانی داهاتوودا کێشەکانی یەکێتی ئاڵوزتر دەبن و پێشبینی بە ئایندەیەکی " باشی " ئەو حیزبەوە ناکرێت.

 



PM:07:25:08/02/2020