سێ حزبی کوردستان لەبارەی دۆخی هەرێم ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە هەریەک لە حزبی شیوعی کوردستان و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلان و زەحمەتکێشانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکیان لەسەر دۆخی هەرێم و دروستبوونی قەیرانی غاز بڵاوکردەوە. 

 

هەر سێ حزبی کوردستان لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە" ئەزمەی سوتەمەنی لەكاتێكدایە، کە دەبوو حکومەت و لایەنە بەشدارەکانی، پابەندبن بە بەڵێن و کارنامەی راگەیەندراوی حکومەت، بە هەنگاوی کارا بەگژ دیاردەی گەندەڵیدا بچنەوە، هەلی کار بۆ بێکاران بڕەخسێنن و دەستەبەری پێداویستیی رۆژانەی خەڵک بکەن، کەچی رۆژ لە دوای رۆژ باج و زەریبە زیاد دەکرێ و ئەمەش هێندەی تر باری ژیان و گوزەرانی سەر شانی خەڵکی زەحمەتکێش گرانتر دەکات".

 

دەقی راگەیەنراوەکە :

راگەیەندراوی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپ لە بارەی ئەزمەی سوتەمەنی.

 

لە کاتێکدا، کە دەبوو حکومەت و لایەنە بەشدارەکانی، پابەند بە بەڵێن و کارنامەی راگەیەندراوی حکومەت، بە هەنگاوی کارا بەگژ دیاردەی گەندەڵی دابچنەوە ، هەلی کار بۆ بێکاران بڕەخسێنن و دەستەبەری پێداویستیی رۆژانەی خەڵک بکەن ، کەچی رۆژ لە دوای رۆژ باج و زەریبە زیاد دەکرێ و ئەمەش هێندەی تر باری ژیان و گوزەرانی سەر شانی خەڵکی زەحمەتکێش گرانتر دەکا؛ سەرەڕای ئەوەش لەو کاتەدا کە شەپۆڵی سەرما و سۆلە و بەفربارین ڕوو لە کوردستانە و پلەکانی سەرما لە ژێر سفر دایە ، ئەزمەی غاز لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێ.

 

لە جیاتی ئەوەی لە سەرچاوەکانی سامانی سروشتی کوردستان ، پێداویستیی زستانەی سووتەمەنی بە نرخی هەرزان و گونجاو بۆ هاوڵاتیان دابین بکرێ ، بە هۆی ململانێی نێو حزبەکان و بەریەککەوتنی بەرژەوەندی کۆمپانیا حزبییەکان ، ئەزمەی غاز دروست بووە.

 

ئێمە لە لیژنەی کاری هاوبەشی چەپ نیگەرانی قووڵی خۆمان لەو بارە ناهەموارە دەردەبڕین و حکومەت و لایەنە بەشدارەکانی بە بەرپرسیار دەزانین لەو دیاردە مەترسیدارەدا، کە دەبێ هەرچی زووە پێش بە پاوانخوازی بگیرێ و سنورێک بۆ دیاردەی چەکداری دابنرێ و هەموو هێزە چەکدارەکان بە پێی بنەمای نیشتمانی ڕێکبخرێنەوە. هاوکات داوا دەکەین بە پەلە پێویستیی خەڵک لە غاز و سوتەمەنی دابین بکرێت ، چونکە ناکرێ لەوە زیاتر لەو وەرزە ساردەدا خەڵکی هەژار و نەدار و بێکار، بکرێتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا حزبییەکان و ژیانی ئاسایی لە خەڵک تێکبدرێ و باری سەرشانیان گرانتر بکرێ. هەر لەو سۆنگەشەوە داوا لە کۆمەڵانی خەڵک دەکەین ، ئەوەی ئەمڕۆ بێباکانە لە هەقیان دەکرێ، بەراوردی بکەن بە دروشم و بەڵێنە قەبەکانی هەڵبژاردن!

 

لیژنەکانی کاری هەوبەشی چەپ

 

- حیزبی شیوعی کوردستان

 

- بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان

 

- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

 

١٠ی شووباتی ٢٠٢٠

 
 


PM:05:52:10/02/2020