رەخنەکان بەرامبەر سیاسەتی ئۆردوغان لە سوریا لەهەڵکشاندایە

جەهەپەو پارت باش و هەدەپە رەخنە لە سیاسەتی ئۆردوغان و ئاکەپە دەگرن لە سوریا و داوای کشانەوەی دەکەن، لە کاتێکدا ئۆردوغان و وەزیری دەرەوەکەی چاویش ئۆغلۆ هەڕەشە لە رژێمی سوریا دەکەن.

 
لە نوێترین لێدوانیدا لەسەر لەشکركێشی سوریا بۆ سەر ئیدلب و گورز وەشاندنی لە خاڵەکانی چاودێری تورکیا، ئۆردوغان و چاویش ئۆغلو ئەمڕۆش سێ شەممە بەردەوام بوون لەسەر هەڕەشەکانیان لە دژی سوریا، بەرامبەر ئەوەش دەنگی ناڕەزایەتی هێزەکانی دی لە ‌هەڵکشاندایە، جەهەپە بە ئاشكرا بە حكوومەتی ئاكەپەیان گوتووە، كە پێویستە توركیا لە تەواوی خاكی سووریا بكشێتەوە و لەگەڵ بەشار ئەسەددا بكەوێتە گفتوگۆوە، ئێستاش هەمان داواكارییان لە حكوومەت هەیە.

 
هەر ئەمڕۆ مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی "باش"، رەخنەی توند لە حكوومەتی ئاكەپە و سەكۆماری توركیا دەگرێت، بەوەی لە ئیدلیب شكستی هێناوە و رۆژانە سەربازی توركیا دەكوژرێت و دەشڵێت ئیدی ئەوەی پێویستە با بكرێت و ئاراممان نەما.

 
مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش لە توركیا، لە وتارێكدا بۆ ئەندامانی گرووپی پارتەكەی لەناو پەرلەمانی توركیا، وتی: "ئێمە ناچارین بە بەڵێنەكانی حكوومەت باوەڕ بكەین، بەڵام لە ئیدلیب گەیشتووینەتە خاڵێك، كە ئیدی ناتوانرێت راستییەكان بشاردرێنەوە. رووسیا و ئەمریكا لە سووریا سیاسەتی خۆیان بە باشی ئەنجام دەدەن و توركیایان گۆشەگیر كردووە، بۆیە دەبێ توركیا ئەوەی لەسەریەتی بیكات و چیتر چاوەڕێ نەكات".


لە بەشێكی تری وتارەكەیدا، باسی لە كوژرانی سەربازی توركیا لە ئیدلیب کرد و وتی "رۆژانە سەربازەكانمان بە كوژراوی لە ئیدلیب دەگەڕێنەوە، ئەمە پێمان دەڵێت كە حكوومەتمان لە سووریا شكستی هێناوە".




PM:03:26:11/02/2020